یەکەم بارى گازوایلی عێراق گەیشتە فەلەستین
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم بارى هاوکارىی گازوایلی عێراق گەیشتە فەلەستین کە 10 ملیۆن تۆن بوو بۆ ئەوەى لە کارپێکردنى موەلیدەى نەخۆشخانەکانى شارى غەززە بەکاربهێندرێت. بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى دەڵێت: "ئەو گازوایلە بە تەنکەر دەگوێزێتەوە بۆ غەززە و کاروانى هاوکاریی دیکەى بەدوادا دێت".
رۆژی 9ى کانوونى دووەمى 2024 غەسان سوینى، بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، یەکەم بارى هاوکاریی گازوایلی عێراق کە 10 ملیۆن تۆن بوو گەیشتە بەندەرى سوێسى میسر و لەوێ مانگى سوورى عێراقى رادەستى مانگى سوورى فەلەستینى دەکات بۆ ئەوەى لە رێگەى دەروازەى رەفەح لە نێوان میسر و فەلەستین بە رێگەى تەنکەر بگەیێندرێتە شاری غەززە."
غەسان سوینى ئاماژەى بەوەشدا بارى دیکەى هاوکارى گازوایلى عێراق دەگەیێندرێتە شارى غەززەى فەلەستین.
رۆژی 21ى کانوونى یەکەمى 2023، یەکەم بارى گازوایل لە بەندەرى فاوى شارى بەسرەوە رەوانەى شارى غەززەى فەلەستین کراوە بۆ ئەوەى لە کارکردنى موەلیدەى کارەباى نەخۆشخانەکانى شارى غەززە بەکاربهێندرێت.
لە 7ى تشرینى یەکەمى 2023، شەڕ لە نێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین دەستیپێکرد، لەو کاتەوە بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لەنێو ئەو کەرتەدا زیاتر لە 23 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 55 هەزار کەسیش بریندار بوون.
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى کۆمەڵەیەکى خێرخوازیى سەربەخۆیە و لە ساڵى 1932 دامەزراوە و بارەگاکەى لە بەغدایە.
مانگى تشرینى دووەمى رابردوو، کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى پێشنیازى کرد هەندێک لە نەخۆش و بریندارانى شارى غەززەى فەلەستین بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانى عێراق بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر.