سەرۆک بارزانی و نێردەی ترەمپ تاوتوێی دۆخی حەلەب دەکەن؛ "پێویستە گرژییەکان نەمێنن"

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ گەیشتنی شەڕی حەلەب بە قۆناخێکی مەترسیدار، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکات و هەردوولا جەخت لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دەکەنەوە.
 
شەوی هەینی، 09-01-2026 بارەگای بارزانی رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا (کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا) کرا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو پەیوەندییەدا دوایین هەڵکشان و "گرژییەکانی سووریا و شاری حەلەب" تاوتوێ کراون.
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆک بارزانی و نێردەکەی ترەمپ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "هەنگاوی جیدی بۆ بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت."
 
ئەمڕۆ هێڵە تەلەفۆنییەکان لە نێوان هەولێر، دیمەشق و واشنتن گەرم بوون، بەڵام دۆخی مەیدانیی حەلەب بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.
 
بەیانیی ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد و جەختی لەسەر "پاراستنی مافی کورد" کردەوە.
 
گەڕەکی شێخ مەقسوود وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیێندراوە و لەژێر بۆردوومانی چڕدایە.
 
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند "ئامانجی ژمارە 12"ـی وێران کردووە (کە دەڵێت کۆگەی چەکە)، بەڵام ئاسایشی نێوخۆی حەلەب دەڵێت نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج.
 
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند درۆنێکی سوپایان خستووەتەخوارەوە و لە ئەشرەفییەش سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەوی کردووە.
 
بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانی، نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارە بوون. ئەوانەی لە شێخ مەقسوود ماونەتەوە، لەلایەن سوپاوە داوایان لێکراوە بچنە نهۆمەکانی خوارەوە.