باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل: مانەوەی حەماس مەترسییە لەسەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، مانەوەی حەماس مەترسی دەبێت بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو گرووپە دەیەوێت وڵاتەکە خاپوور بکات. دەشڵێت، پێویستە هەمووان هاوڕای سەرۆکی ئەمریکا بن بۆ لەنێوبردنی گرووپەکە.
رۆژی یەکشەممە، 9ی شوباتی 2025، مایک هوکابی، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، ئیدارەی ئێستا نایەوێت حەماس هیچ رۆڵێکی لە داهاتووی غەززەدا هەبێت. دەشڵێت، "تاوەکو حەماس مابێت، ئەوا مەترسی دەبێت بۆ سەر ئیسرائیل".
هوکابی ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس تەنیا "دەیەوێت وڵاتی جووەکان بڕوخێنن".
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی حەماس و ئیسرائیل بە هێرشی گرووپەکە بۆ سەر خاکی دراوسێکەی دەستیپێکرد. دواتر، ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە و هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە کرد. لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و 250ی دیکەشیان بە بارمتە گرت. رۆژی 15ی ئەم مانگە هەردوولا ئاگربەستیان کرد و رۆژی 19ی مانگیش چووە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە پێشنیازی سەرەتای ئەم مانگەی ترەمپ بۆ راگواستنی خەڵکی غەززە بۆ ئوردن و میسر بە کارێکی "بەرچاو" وەسف دەکات و جەخت لەوەش دەکاتەوە، "هیواخوازم خەڵک گوێی لێبگرن".
ئەو پێشنیازەی ترەمپ لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی دیکەی وڵاتانی جیهانیشەوە رەتکرایەوە.
نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززەدا دەژین. بەهۆی جەنگیشەوە ملیۆنێک و 900 هەزاریان ئاوارە ببوون.