سوپای ئیسرائیل چوار چەکداری فەلەستینی لە رەفەح دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان چوار چەکداریان لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کوشتووە. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ئەو چەکدارانە لەنێو تونێلێکەوە هاتوونەتە دەرەوە و تەقەیان لە سەربازانی ئیسرائیل کردووە.
 
سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو قۆناخی دووەمی ئاگربەست بە چاودێری ئەمریکا دەستیپێکرد، بەڵام تووندوتیژییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامن. سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ کام لە سەربازەکانیان لەو هێرشەی رەفەح بریندار نەبوون و لە ئێستاشدا سەرقاڵی گەڕان و پشکنینن بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی چەکدارانی دیکە لە ناو رێڕەوەکانی ژێر زەوی لەو ناوچەیەدا.
 
ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 24 کەس کوژران، کە ئیسرائیل دەڵێت وەڵامێک بووە بۆ بریندارکردنی ئەفسەرێکیان بە گولـلەی چەکدارە فەڵەستینییەکان. 
 
لە 2ـی شوباتەوە دەروازەی رەفەح لە نێوان غەززە و میسر بە شێوەیەکی سنووردار کراوەتەوە، کە تاکە رێگەی وشکانیی غەززەیە بۆ جیهانی دەرەوە بەبێ تێپەڕبوون بە ناو ئیسرائیلدا. تاوەکو ئێستا تەنیا 180 فەڵەستینی کە زۆربەیان نەخۆش و کەسوکاریان بوون، توانیویانە لەو دەروازەیەوە غەززە بەجێبهێڵن.
 
بەپێی مەرجەکانی قۆناخی دووەمی ئاگربەست، دەبێت کەرتی غەززە لە چەک دابماڵدرێت و هێزەکانی ئیسرائیلیش بە پلەبەندی بکشێنەوە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس داماڵینی چەکی وەک "هێڵی سوور" ناوبردووە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە لە داهاتوودا چەکەکانی رادەستی دەسەڵاتێکی نوێی حکومڕانی فەڵەستینی بکات. 
 
لە کاتێکدا لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی غەززە پێکهێنراوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی 20 هەزار چەکداری حەماس و ئەو چەک و تەقەمەنییە زۆرەی لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، بە ناڕوونی ماوەتەوە.