سێنتکۆم: هێرشمان کردە سەر دوو بارهەڵگری پڕ لە مووشەکی حووسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو بارهەڵگری پڕ لە مووشەکی حووسییەکان. چەند کاژێرێکیش پێش ئەو هێرشە، حووسییەکان دوو مووشەکیان ئاراستەی کەشتییەکی بازرگانی کردووە.
رۆژی شەممە 09-03-2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "رۆژی هەینی، 08-03-2024، دەوروبەری کاژێر 9:50ی شەو بە کاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) هێزەکانی سێنتکۆم هێرشێکی خۆپارێزییان کردە سەر دوو بارهەڵگری پڕ لە مووشەکی حووسییە تیرۆریستەکان."
سێنتکۆم ئەوەشی راگەیاندووە، هێرشەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان بووە لە یەمەن.
لەبارەی هێرشێکی حووسییەکان بۆسەر کەشتییەکی بازرگانی، ئەوەی خستووەتەڕوو، "دەوروبەری کاژێر 3:55ی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ، حووسییە تیرۆریستەکان دوو موشەکیان لە یەمەنەوە ئاراستەی کەنداوی عەدەن کرد."
بەگوێرەی سێنتکۆم، مووشەکەکان کەشتیی "پرۆپڵ فۆرچن"ـیان کردووەتە ئامانج، کە کەشتییەکی سەنگاپوورییە. سێنتکۆم دەڵێت، "مووشەکەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کەشتییەکە دروست نەکرد و هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبوو."
هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە بۆ ئازادیی رێڕەوە دەریاییەکان نراون، هەروەها بۆ ئەوەی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان سەلامەتتر بن."
حووسییەکانی یەمەن لە تشرینی دووەمی 2023وە "وەکو هاوسۆزییەک بۆ فەلەستین" دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووە.
لە وەڵامی هێرشەکاندا، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا چەند جارێک هێرشیانکردە سەر کۆگە و ژێرخانی حووسییەکان لە چەند ناوچەیەکی یەمەن.