لە ئوردن کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی وڵاتانی دراوسێی سووریا بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە عەممان-ی پایتەختی ئوردن، کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی وڵاتانی دراوسێی سووریا بۆ تاوتوێکردنی ھاریکارییەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانیی مادەی ھۆشبەر، چەک و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ھاوبەشەکان، بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی شا حوسێن لە عەممان-ی پایتەختی ئوردن کرا. وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، سوپاسالار و سەرۆکی دەزگا ھەواڵگرییەکانی ئوردن، تورکیا، سووریا، عێراق و لوبنان لە کۆبوونەوەکەدا، بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ھاریکارییەکان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەر، چەک و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ھاوبەشەکان، تاوتوێ کران.
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پاڵپشتیکردنی ھەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی سووریا و رزگارکردنی گەلی سووریا لە تیرۆر و دەستەبەرکردنی دۆخێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سووریا بۆ سەر زێدی خۆیان، دەکرێت.