روبیۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیکرد و تێیدا داوای لێکرد، حکومەتەکەی بەردەوام بێت لە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەوەش دوای سەرهەڵدانی شەپۆلێکی خۆپیشاندانی تووندوتیژ دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
 
رۆژی سێشەممە 10-03-2026 تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، روبیۆ لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ سوودانی، "جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری هەموو رێکارە گونجاوەکان کردووەتەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق."
 
سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم پەیوەندییەدا بە تووندی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە تارانی لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق" سەرکۆنە کرد. 
 
ئاڵۆزییەکانی ناوچەی سەوز
 
لە رۆژانی رابردوودا، خۆپیشاندەرانی لایەنگری ئێران چەندین جار هەوڵیان داوە هەڵبکوتنە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و چەندین نوێنەرایەتیی دیکەی تێدایە. دەسەڵاتدارانی عێراق هەفتەی رابردوو خۆپیشاندەرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی تەقەی راستەوخۆیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و چەندین پاسەوانی ناوچەکەیان بریندار کردووە.
 
ئێستا عێراق کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێیەکی تووندی نێوان واشنتن و تاران. ئەمریکا نیگەرانە لەوەی هەڵکشانە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر سەقامگیریی عێراق هەبێت.