سوپای ئیسرائیل: بنکەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکمان لە ئێران کردنە ئامانج


رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێ، رۆژی دووشەممە چەند ئامانجێکی لە نێوەڕاستی ئێران بۆردوومان کردووە، لەوانە ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک. ئەمە یەکەم هێرشە لەدوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی رێبەرێکی باڵای نوێ دیاری بکات.
 
سوپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل زنجیرە هێرشێکی دیکەی کردە سەر ژێرخانی رژێمی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجەکان بریتی بوون لە "کارگەیەکی بەرهەمهێنانی بزوێنەری مووشەک و چەندین سەکۆی هەڵدانی مووشەکی بالیستیی دوورمەودا کە هەڕەشە بوون بۆسەر ئیسرائیل".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، بارەگای ئاسایشی ناوخۆ لە شاری ئیسفەهان لە نێوەڕاستی ئێران، بارەگایەکی پۆلیس و چەندین دامەزراوەی دیکە کە لەلایەن سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیجەوە بەکاردەهێنران، کراونەتە ئامانج.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت: "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەسیج باڵێکی سەرەکین لە سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیلی ئێران و بەرپرسیارن لە بەکارهێنانی تووندوتیژیی دڕندانە و سیستماتیک لە دژیان."
 
هەروەها دەڵێ، ئەم هێرشانەی دوایی بەشێکن لە "زیادکردنی زیانگەیاندن بە پێکهاتە سەرەکییەکان و بنەماکانی ئێران."
 
ئەمە یەکەم زنجیرە هێرش بوو کە ئیسرائیل لە دوای هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێ رایبگەیێنێت.