سەرۆککۆماری لوبنان: ئامادەی دانوستاندنین لەگەڵ ئیسرائیل


رووداو دیجیتاڵ:

سەرۆککۆماری لوبنان، حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی کار بۆ "داڕووخانی" دەوڵەتەکە دەکات و ئامادەیی بەیرووتی بۆ "دانوستاندنی راستەوخۆ" لەگەڵ ئیسرائیل پیشان دا. دەشڵێت، هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا تەڵەیەک بووە بۆ پەلکێشکردنی لوبنان بۆ ناو جەنگ لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێران.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، جوزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەورووپا لەبارەی هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، "هەر کەسێک ئەو مووشەکانەی تەقاندووە، ویستوویەتی دەوڵەتی لوبنان بڕووخێنێت و بیخاتە ناو دەستدرێژی و پاشاگەردانییەوە، ئەمەش تەنیا لە پێناو حیساباتەکانی رژێمی ئێراندایە". گوتیشی، تاوەکو ئێستا توانیویانە رێگری لەو پلانە بکەن و بەردەوامیش دەبن لە پووچەڵکردنەوەی.
 
سەرۆککۆماری لوبنان پێیوایە، هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا "تەڵە و بۆسەیەکی روون بوو بۆ لوبنان و دەوڵەت و گەلەکەی". ئەم قسانە لە کاتێکدایە، دوای هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا لە هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردوومانی چڕی دەستپێکردووە، کە تێیدا لانیکەم 394 کەس کوژراون و زیاتر لە 700 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
 
بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە، لە کۆبوونەوەکەدا جوزیف عەون دەسپێشخەرییەکی چوار خاڵی پێشکەش کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکار بن لە جێبەجێکردنیدا. 
 
خاڵەکان بریتین لە "راگەیاندنی ئاگربەستی تەواو" لەگەڵ ئیسرائیل، پێشکەشکردنی "پاڵپشتی لۆجستی" بۆ سوپای لوبنان بە مەبەستی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و دەستپێکردنی "دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا".
 
ئەو گوتانەی سەرۆککۆماری لوبنان دوای ئەوە هاتن، رۆژی 2ی ئەم مانگە حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێراندا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 28ی شوبات ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. 
 
هەمان ئەو رۆژەی حیزبوڵڵا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤیش بە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان و گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو کاتەوە لانیکەم 200 چەکداری حیزبوڵـڵایان کوشتووە.