سوپای ئیسرائیل: سکرتێر و راوێژکاری نەعیم قاسممان لە بەیرووت کوشت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد کە توانیویانە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان، سکرتێری تایبەت و راوێژکاری نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکوژن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپا، رۆژی چوارشەممە هێزەکانیان لە بەیرووت "عەلی یوسف حەرشی"یان کوشتووە، کە سکرتێری تایبەت و برازای نەعیم قاسم بووە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەرشی کەسێکی نزیک و راوێژکاری تایبەتی ئەمینداری گشتی بووە و "رۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە بەڕێوەبردن و ئاسایشی نووسینگەکەی نەعیم قاسم."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو دەروازەی سەرەکیی دیکە لە لوبنان.
ئەوان دەڵێن، ئەو دەروازانە لەلایەن چەکدارانی حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێنران بۆ گواستنەوەی "هەزاران کەرەستەی سەربازی، مووشەک و سەکۆی هەڵدانی مووشەک" لە باکووری رووباری لیتانییەوە بۆ باشوور.
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە لە باشووری لوبنان، نزیکەی 10 کۆگای چەک و تەقەمەنی، سەکۆی هەڵدانی مووشەک و بارەگای فەرماندەیی سەر بە حیزبوڵڵایان بۆردوومان کردووە.