نەتەنیاهوو فەرمانی دەستپێکردنی گفتوگۆی "راستەوخۆ" لەگەڵ لوبنان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە کابینەی حکومەتەکەی داوە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان دەستپێبکەن؛ ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانیش "چەککردنی حیزبوڵڵا" و "دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاشتییانەیە".
رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەبەر رۆشنایی داواکارییە بەردەوامەکانی لوبنان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ، دوێنێ فەرمانم بە کابینەی حکومەت دا لە زووترین کاتدا گفتوگۆ لەگەڵ لوبنان دەستپێبکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە دانوستاندنەکان جەخت لەسەر "چەککردنی حیزبوڵڵا و دامەزراندنی پەیوەندیی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان" دەکەنەوە. هەروەها ئیسرائیل دەستخۆشی لە بڕیارەکەی نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد بۆ داماڵینی چەک لە بەیرووتی پایتەخت.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، یەحیئیل لیتر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، نوێنەرایەتیی ئیسرائیل لەو گفتوگۆیانەدا دەکات.
هەنگاوەکانی لوبنان دژی حیزبوڵڵا
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، هەر رۆژی پێنجشەممە کابینەی حکومەتی لوبنان فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان دا، کە چەک لە بەیروت تەنیا لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک و هۆشدارییەک بۆ حیزبوڵڵا.
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە کۆتایی کۆبوونەوەی کابینەکەیدا گوتی: "داوا لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەکرێت دەستبەجێ دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر پارێزگای بەیرووتدا بسەپێنن و چەک تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتە شەرعییەکاندا بێت."
حکومەتی لوبنان لە سەرەتای مانگی ئادار و دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل، چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای قەدەخە کرد، بەڵام ئەو گرووپە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە، کە رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل چڕترین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر لوبنان ئەنجامدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 200 کەس کوژران، ئەمەش وەک گوشاری سەربازی بۆ سەر حیزبوڵڵا و حکومەتی لوبنان لێکدەدرێتەوە.