راپۆرتێک: جەنگی ئێران جیهان تووشی تەنگژەی ترشی گۆگردیک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سنووردارکردنی هەناردە لەلایەن چینەوە، بووەتە هۆی بازدانی نرخ و کەمبوونی ترشی گۆگردیک (sulfuric-acid) لە بازاڕەکانی جیهاندا؛ ئەمەش مەترسیی گەورەی بۆ سەر ئەو پیشەسازییانە دروستکردووە کە جیهان بۆ دابینکردنی خۆراک، کانزا، کاخەز، نیمچەگەیەنەری کۆمپیوتەر و ئاوی پاک، پشتیان پێ دەبەستێت.
ترشی گۆگردیک بەکارهێنراوترین مادەی کیمیاییە لەسەر گۆی زەوی. ئەم مادەیە یان لەڕێگەی پاڵاوتنی کانزاکانی وەک مس و نیکڵ بەدەستدێت، یان لەڕێگەی سووتاندنی گۆگرد کە پاشماوەی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و گازە. هەرچەندە ئەم ترشە لە بازاڕەکاندا وەک (پاککەرەوەی زێراب) دەفرۆشرێت، بەڵام لە راستیدا شا دەماری پیشەسازییە قورسەکانە.
بەکارهێنانەکانی ترشی گۆگردیک:
* بەرهەمهێنانی پەینە فۆسفاتییەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ.
* دەرهێنانی مس و کانزاکانی دیکە لە ناو بەرد و خاک.
* پیشەسازیی دروستکردنی کاخەز و پاتری.
* دروستکردنی نیمچەگەیێنەرەکان (Semiconductors) بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
* پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە لە شارەکاندا.
* تەنانەت لە دروستکردنی خواردنەوە گازییەکان و گیراوەی ددانیشدا [مەعجون] بەکاردێت.
تەنگەی هورمز و کێشەی گواستنەوە
وەک لە راپۆرتێکی شیکاریی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی ترشی گۆگردیک مادەیەکی مەترسیدار و داخورێنەرە، گواستنەوەی زۆر گران و سەختە. کۆمپانیاکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ کۆگەی بکەن و زۆربەیان تەنیا بۆ چەند هەفتەیەک یەدەگیان هەیە. داخستنی تەنگەی هورمز بووەتە هۆی بڕانی بڕێکی زۆری گۆگردی جیهان کە لە پاڵاوگەکانی نەوت و گازی کەنداوەوە بەرهەم دەهات.
پشکی وڵاتان لە بەرهەمهێنانی گۆگردی جیهانی لە ساڵی 2025
بەپێی ئامارەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، پشکی وڵاتان بەم شێوەیەیە:
1. چین: زیاتر لە 22٪ (گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهان).
2. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: نزیکەی 10٪.
3. رووسیا: نزیکەی 9٪.
4. سعودیە: نزیکەی 8.5٪.
5. ئیمارات: نزیکەی 7.5٪.
6. کەنەدا و کازاخستان: هەر یەکەیان نزیکەی 6٪.
7. هیندستان، کۆریای باشوور، قەتەر، ئێران، ژاپۆن، چیلی و کوێت: کەمتر لە 5٪.
هەڵوێستی چین و ئاسایشی خۆراک
چین کە گەورەترین بەرهەمهێنەری گۆگردە لە جیهاندا، لەم مانگەدا هەناردەی سنووردار کردووە، چونکە نیگەرانی ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکەیدایە و دەیەوێت نرخی پەینە کیمیاییەکان لە ناوخۆدا جێگیر بکات. ئەم بڕیارەی پەکین زۆرترین زیانی بە وڵاتانی وەک چیلی و ئیندۆنیزیا گەیاندووە.
لە ئیندۆنیزیا، نرخەکان زیاتر لە 80٪ بەرزبوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە کانەکانی نیکڵ (کە بۆ پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردێت) ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە. لە چیلیش، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری مسی جیهانە، نرخی ترشی گۆگردیک دوو هێندە زیادی کردووە.
گۆڕانکاریی نرخەکانی گۆگرد و ترشی گۆگردیک
ئامارەکانی دامەزراوەی (ئارگوس - Argus) نیشانی دەدەن، لە دوای ئایاری 2024ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی 2026:
* ترشی گۆگردیک لە چین: نرخەکەی بە رێژەی خەیاڵیی 1200٪ بەرزبووەتەوە.
* گۆگرد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: نرخەکەی 800٪ زیادی کردووە.
* ترشی گۆگردیک لە چیلی: نرخەکەی 250٪ بەرزبووەتەوە.
کاریگەری لەسەر ئەمریکا و لایەنە سوودمەندەکان
ئەمریکا تاوەکو ئێستا تاڕادەیەک پارێزراوە، چونکە پشت بە هاوردەی مەکسیک و کەنەدا دەبەستێت، بەڵام کەمبوونەوەی مسی جیهانی دەکرێت گورز لە ئابووریی ئەمریکاش بدات؛ چونکە بۆ هەر باڵەخانەیەک و هەر ناوەندێکی داتای ژیریی دەستکرد، هەزاران تۆن مس پێویستە.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لایەن سوودمەندی سەرەکین لەم تەنگژەیە. رۆبێرت فریدلاند، ملیاردێری کەرتی کانزاکان رایگەیاند، کۆمپانیای (ئیڤانھۆ ماینز) لەڕێگەی کارگەیەکی نوێی پاڵاوتنی مس لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار قازانج تەنیا لە فرۆشتنی ترشی گۆگردیک بەدەست دەهێنێت. فریدلاند دەڵێ: "ئێمە سەرمایەیەکی زۆرمان خەرج کرد بۆ دروستکردنی کارگەیەکی پێشکەوتوو، ئێستاش کاتی چنینی بەرهەمەکەیەتی."