هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی: ئیسرائیل 12 چالاکڤانی نێو بەلەمی مادلینی رفاند

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل نەیهێشت چالاکڤانان لە رێگەی بەلەمی مادلینەوە یارمەتیی مرۆیی بگەیێننە خەڵکی غەززە.
 
هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر بەلەمەکەیاندا گرتووە و چالاکڤانەکانی "رفاندووە."
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، هێزی کۆماندۆی دەریایی دەستی بەسەر بەلەمەکەدا گرتووە و گواستوویەتیەوە بۆ بەندەری ئوسدود.
 
دەزگای پەخشی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زانیاریی سەرەتایی لە چالاکڤانەکان وەرگیراوە، بۆئەوەی دواتر لە بنکەیەکی سەر بە هێزی دەریایی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
دەزگاکە دیمەنی دەستگیرکردنی خۆبەخشەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێکیان گرێتا تونبێرگ، چالاکڤانی سوێدیی بواری کەشوهەوایە.
 
 
پێش ئەوە، هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی کە ئەم گەشتەی بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە رێکخست، رایگەیاندبوو کە بەلەمەکەیان زەنگی هۆشداریی لێداوە و بەلەمە جەنگییەکانی ئیسرائیل چالاکڤانە خۆبەخشەکانی گەمارۆ داوە، درۆنی ئیسرائیلی بەسەریاندا فڕیوە و مادەیەکی شلی گوماناویی بە بەلەمەکەدا رژاندووە.
 
ریما حەسەن، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا کە یەکێک بوو لە خۆبەخشەکانی نێو بەلەمەکە، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە نزیک بەلەمەکەیان.
 
هەروەها فرانچیسکا ئەلبانیزی، راپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە فەلەستین، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوە کرد، تیمی بەلەمەکە بە سەربازانی ئیسرائیلیان راگەیاندووە، ئەوان یارمەتیی مرۆییان بۆ غەززە پێیە و دەیانەوێت بە ئاشتییانە بڕۆنە شوێنی مەبەست.
 
فرانچیسکا ئەلبانیزی ئاماژەی بەوە کرد، بەلەمی مادلین هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نییە و تەلئەڤیڤ هیچ دەسەڵاتێکی نییە دەست بەسەر بەلەمەکەدا بگرێت لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا.
 
دوێنێ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە، رێگە بە بەلەمی مادلین نەدەن بگاتە غەززە و هەموو رێگەیەک دژیان بگرنەبەر کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکە دەدەن.
 
بەلەمی مادلین لە 1ی حوزەیران لە دوورگەی سیسیلیی ئیتاڵیاوە بەڕێکەوت، 12 چالاکوان بە بڕێکی کەم هاوکاریی مرۆییەوە بە ئامانجی شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بەنیازی چوونە کەرتەکە بوون.