ئیسرائیل پلانی هەیە سەرجەم غەززەییەکان لە شارێکدا کۆبکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل پلانی هەیە لە رەفەحی باشووری کەرتی غەززە، "شارێکی مرۆڤدۆستانە" دروست بکات و سەرجەم دانیشتووانی کەرتی غەززەی تێدا نیشتەجێ بکات.
رۆژی چوارشەممە 09ـی تەممووزی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رایگەیاند چاوەڕوان دەکرێت شارەکە سەرەتا نزیکەی 600 هەزار فەلەستینی لەخۆبگرێت، بەتایبەتی ئەو ئاوارانەی لە ناوچەی کەناراوی مەواسی لە باکووری رۆژئاوای رەفەح دەژین.
بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پلانەکە ئەوەیە تەواوی نزیکەی 2.2 ملیۆن دانیشتووی غەززە لەو شارەدا نیشتەجێ بکرێن.
سەبارت بە بەڕێوەبردنی شارەکە، یسرائیل کاتز گوتی، ئیسرائیل لە دوورەوە ئاسایشەکەی دەپارێزێت و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە بەڕێوەدەبرێت.
کاتز ئاماژەی بەوەشکرد، غەززەییەکان پێش ئەوەی لە "شارەکە"دا نیشتەجێ بکرێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ چەکدارێکی حەماس خۆی ناخزێنێتە نێویانەوە و ئەوانەشی لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ دەکرێن، رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ بەشەکانی دیکەی کەرتی غەززە.
بەڵام پلانی پێشنیازکراوی "شاری مرۆڤدۆستانە"ی ئیسرائیل رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاندووە ئەوە شاری مرۆیی نییە و بە "کەمپی دەستبەسەرکردنی ناوخۆیی" ناویان بردووە.
پلانەکە دوای ئەوە دێت، کە ئیسرائیل گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکانی حەماسی بۆ رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە رەتکردەوە.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، حەماس لە گۆڕانکارییەکانی نێو رێککەوتنامەی ئاگربەست، ویستوویەتی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە مسۆگەر بکات.
بە گوتەی کاتز، وەزارەتی بەرگری دەستی بە پلاندانان بۆ دروستکردنی شارەکە کردووە، بەڵام دیار نییە کەی پلانەکە جێبەجێ دەکرێت.