بنیامین نەتەنیاهوو: چیدیکە سەرکردەکانی تیرۆر پارێزبەندییان نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا کە لە هەموو شوێنێک "سەرکردەکانی تیرۆر" دەکەنە ئامانج و گوتی: "ئەو رۆژانە بەسەرچوون کە سەرکردەکانی تیرۆر لە شوێنێکی دیاریکراودا پارێزبەندییان هەبێت."
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکیدا کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئۆرشەلیم پێشکێشی کرد گوتی: "دووژمنەکانمان دەبێت یەک شت بزانن: لەکاتی دامەزراندنی ئیسرائیلەوە خوێنی جوو هەرزان نییە."
 
گوتەکانی نەتەنیاهوو دوای سەرپەرشتیکردنی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر هاتن. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو شوێنەی لە دەوحە کردوویانەتە ئامانج، هەمان ئەو شوێنە بووە کە لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرکردەکانی حەماس ئاهەنگیان تێدا گێرا. 
 
لەبارەی جەنگی غەززەش، نەتەنیاهوو گوتی، ئەوان بنەمای ئەو ئاگربەستەیان قبووڵ کردووە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکێش کراوە و گوتیشی، دەکرێ جەنگی غەززە "دەستبەجێ" بوەستێ، ئەگەر حەماسیش بەندەکانی ئاگربەستەکە قبووڵ بکات. 
 
نەتەنیاهوو گوتارەکەی بە زمانی عیبری پێشکێش کرد، بەڵام لە بەشێکیدا بە ئینگلیزی رووی لە خەڵکی غەززە کرد و گوتی: "رێگە مەدەن لەلایەن ئەم تیرۆریستە بکوژانە، لەلایەن ئەو بکوژانەوە بەلاڕێدا ببرێن. ئەوان هیچ بایەخێکتان پێنادەن... لە غەززەشم، دەچنە توونێلەکانی ژێر زەوی و ئێوە لەسەر زەوی دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی وەک قەڵخانی مرۆیی خزمەتیان بکەن."