سوودانی پەیوەندی بە میری قەتەر دەکات و داوای کۆبوونەوەیەکی کۆمکاری عەرەبی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئەنجامدا و وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل و دەربڕینی هاوسۆزی، داوای کۆبوونەوەیەکی کۆمکاری عەرەبی کرد. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا محەممەد شیاع سوودانی "سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەری کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی قەتەر و یاساکانی نێودەوڵەتی و هەوڵێک بۆ فراوانکردنی جەنگ لە ناوچەکەدا وێنای کرد، کە ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات و پێشهاتێکی مەترسیدارە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوسۆزیی عێراقی بۆ قەتەر و پشتیوانیی بۆ ئاسایشی گەلەکەی دووپاتکردەوە و جەختی لە پێویستیی "هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارانە" لەبارەی هێرشەکە کردەوە.
 
هەردوولا لەسەر رێکخستنی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی یان کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکە هاوڕابوون. 
 
سوودانی گوتوویەتی، عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی دەکات؛ هەروەها کار دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی لە کاتی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەم مانگەدا.
 
لای خۆیەوە میری قەتەر سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و ستایشی قووڵیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەڵوێستە پتەوەکانی عێراقی لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا کردووە.