وردەکاریی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە؛ ترەمپ چۆن حەماس و نەتەنیاهووی ناچار کرد شەڕ رابگرن؟
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بۆ دواجار پەیامە گرنگەکەی راگەیاند و ئاشکراشی کرد، ئەو لەو بڕوایەدایە سەرجەم بارمتەکانی غەززە، لەنێویشیان تەرمی بارمتەکان، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 13ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، ئەمەش لەدوای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناخی یەکەمی پلانی ئاگربەست و ئاشتییەکەی دۆناڵد ترەمپ رێککەوتن.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، "زۆر شت روودەدات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و پێمان وایە هەموویان رۆژی دووشەممە ئازاد دەکرێن و تەرمەکانی رادەست دەکرێن."
درەنگانی شەوی چوارشەممە، هەریەک لە ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە رێککەوتن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگە دوو ساڵییەی کە بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیان هەزار کەسی کوشتووە، ئەو کەرتەشی وێران کردووە و قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، بڕیارە رێککەوتنەکە رۆژی پێنجشەممە واژۆ بکرێت، هەریەک لە ئازادکردنی بارمتە و زیندانییە فەلەستینییەکان، لەگەڵ زیادکردنی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە لەخۆدەگرێت.
ترەمپ، دوای گفتوگۆکانی میسر لەسەر پلانە 20 خاڵییەکەی خۆی کە بووە هۆی هێنانەکایەی ئەم رێککەوتنە، رایگەیاند بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات، لەبەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لەو ناوچانە دەکشێنێتەوە کە بۆ قۆناخی یەکەم بۆی دیاریکراوە.
قەتەر رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە "قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززەیە و دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕەکە، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانیانی فەلەستین و گەیاندنی هاوکارییەکان."
سەرچاوەیەک لەنێو بزووتنەوەی حەماسدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، بزووتنەوەکەیان وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، 20 بارمتەی زیندوو بەرامبەر بە نزیکەی دوو هەزار گیراوی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکات.
ئەو سەرچاوەیەی حەماس رایگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە لە ماوەی 72 کاژێری دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەبێت کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی پێنجشەممە واژۆ بکرێت.
هەروەها ئەو سەرچاوەیەی حەماس باسی لەوەش کردووە، لەبەرامبەر بە ئازادکردنی 20 بارمتە زیندووەکە، 250 فەلەستینی، سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و 1700 گیراوی دیکە کە لەکاتی جەنگی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، ئازاد دەکرێن.
بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە نووسیوویەتی "زۆر بە شانازییەوە رایدەگەیێنم کە ئیسرائیل و حەماس هەردووکیان واژۆیان لەسەر قۆناخی یەکەمی پلانەکەی ئێمە بۆ ئاشتی کردووە. ئەمە واتەی ئەوەیە کە هەموو بارمتەکان لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئازاد دەکرێن و ئیسرائیلیش هێزەکانی دەکشێنێتەوە بۆ هێڵێک کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەمەش وەک چەند هەنگاوێکی سەرەتایی بەرەو ئاشتییەکی بەهێز، خۆڕاگر و تاهەتایی. دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەک دەکرێت."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی وڵاتانی نێوەندگیرانی وەکو قەتەر، میسر و تورکیاشی کرد و گوتی "دروود بۆ ئاشتیسازان."
لەدوای ئەو پۆستەی ترەمپ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا رایگەیاند بە "هاوکاریی خودا" بارمتەکان دەگەڕێنینەوە.
"ئامادەکردنی بارمتە و گیراوەکان"
حەماس لیستی زیندانیانی فەلەستینی پێشکێش بە وڵاتانی نێوەندگیر کردووە و خوازیارە ئەو کەسانە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد بکرێن.
لە بەرامبەردا، بڕیارە حەماس ئەو 47 بارمتە زیندوو و مردووە ئازاد بکات کە لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستگیری کردبوون.
لە گفتوگۆکانی رۆژی چوارشەممە، هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بەشدار بوون.
لەو هێرشەی حەماسدا کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگە دوو ساڵییەکە، چەکدارەکان، 251 کەسیان وەک بارمتە بردە غەززە، 47 کەسیان هێشتا لەو کەرتە دەستبەسەرن و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە لەو ژمارەیەش 25یان مردوون.
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان متمانە بە ئامارەکانی دەکات، رایانگەیاندووە، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە زیاتر لە 67 هەزار کەس کوژراون.
ئەو داتایەش جیاوازیی لەنێوان خەڵکی سڤیل و چەکداراندا ناکات، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات زیاتر لە نیوەی کوژراوەکان ژن و منداڵن.
چاودێران رایانگەیاندووە یەکێک لە کلیلە سەرکەوتنەکانی گفتوگۆکان لیستی ناوی زیندانیانی فەلەستینی بووە کە حەماس داوای ئازادکردنیانی کردووە و بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، مەروان بەرغووتی، زیندانیی دیار سەر بە بزووتنەوەی فەتحی رکابەری حەماس، ناوی لەنێو ئەوانەدابووە کە حەماس دەیەوێت ئازاد بکرێن.
لای خۆشییەوە، خەلیل حەییە، سەرۆکی دانوستاندنکاری حەماس، رایگەیاند، ئەوان "گەڕەنتییان لە سەرۆک ترەمپ و وڵاتە نێوەندگیرەکان" دەوێت، بەوەی جەنگەکە بۆ هەتاهەتایە کۆتایی دێت.
"گوشارەکانی سەر نەتەنیاهوو"
لەدرێژەی هەوڵەکانیدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ و پتەوکردنی پێگەی سەرۆکایەتییەکەی، سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەپێچەوانەی رابردوو، جیاواز بوو.
کاتێک ترەمپ لە 29ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی میوانداریی نەتەنیاهووی کرد، بەمەبەستی ئاشکراکردنی پلانە 20 خاڵییەکەی، لەپێش رۆژنامەڤانان و جیهاندا وادیار بوو، ترەمپ بە تەواوی پشتگیریی سەرۆکوەزیران دەکات و لەبەردەمیدا، ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر حەماس پلانەکە قبووڵ نەکات ئەوا ئیسرائیل "پشتگیریی تەواوی" ئەوی دەبێت بۆ "کۆتاییهێنان بە کارەکە" و لەنێوبردنی گرووپە فەلەستینییەکە، بەڵام لە پشت پەردە، ترەمپ گوشاری زۆری خستبووە سەر نەتەنیاهوو.
یەکەم هەنگاو ئەوە بوو، ئەو پلانەی خستبوویە بەردەم نەتەنیاهوو و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیلی، هەفتەیەک پێش ئەوە، لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەب و موسڵمان لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای گفتوگۆیەکی درێژ، داڕێژرابوو.
"یەکگرتوویی عەرەب لەدوای هێرشەکەی قەتەر"
هەروەها لەدوای هێرشە سەرەتاییەکەی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، زۆر لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تووڕە بووە. هێرشەکەش لە کاتێکدا بووە گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەززە لە قۆناخێکی هەستیاردا بوون. بە گوێرەی بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا، ترەمپ، یەکگرتوویی عەرەبی دژی هێرشەکە قۆستەوە و بەکاریهێنا بۆ ئەوەی هەموویان لەسەر پلانەکە رازی بکات.
دواتر، سەرۆکی ئەمریکا، نەتەنیاهووی تووشی شۆک کرد و داوای لێکرد لە نووسینگەی تایبەتیی خۆیەوە لە کۆشکی سپییەوە، پەیوەندی بە میری قەتەرەوە بکات، تاوەکو داوای لێبووردنی لێبکات.
ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ پێوەندییە نزیکەکانی ترەمپ لەگەڵ قەتەرییەکان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی کە لەماوەی دوو گەڕی سەرۆکایەتیدا دروستیکردووە، قۆستەوە بەوەی ئەو رێککەوتنەی ئەمڕۆ بهێنێتە ئاراوە.
"هەڕەشە یەکلاکەرەوە لە حەماس"
لەگەڵ گوشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل، ترەمپ گوشاری زۆری خستە سەر بزووتنەوەی حەماس و مۆڵەتی تا 5ی ئۆکتۆبەری دایە ئەو بزووتنەوەیە بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات یان رووبەڕووی "دۆزەخ" بێتەوە.
حەماسیش بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە، لەگەڵ ئەوەش لەسەرەتادا هیچ ئاماژەیەک نەبوو بەوەی حەماس بە تەواوی بە پلانەکەی ترەمپ رازی بووە، بەڵام لە جیاتی مشتومڕکردن لەسەر وردەکارییەکان، ترەمپ دوای هۆشداریی دایە هەریەک لە؛ ئیسرائیل، حەماس و وڵاتانی نێوەندگیر، بۆ ئەوەی بە خێرایی رێککەوتنێک بکەن.
ترەمپ بە پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی راگەیاندووە، "بە بیبی [نەتەنیاهوو]م گوت 'ئەمە هەلی سەرکەوتنە و ئەگەر باش بێت لەگەڵی، ئەوا ئەویش لەگەڵیدا باش دەبێت و هیچ بژاردەیەکی دیکە لەگەڵ مندا نییە، دەبێت باش بیت."
بڕیاریشە، نەتەنیاهوو، پاشنیوڕۆی پێنجشەممە، ئەندامانی کابینەکەی کۆدەکاتەوە، بەمەبەستی دەنگدان و پەسندکردنی پلانی ئاگربەستەکە و ئازادکردنی بارمتەکان.
نەتەنیاهوو لە لێدوانێکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە شەوی چوارشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت، "رۆژی پێنجشەممە حکومەت کۆدەکەمەوە بۆ پەسندکردنی رێککەوتنەکە و گەڕانەوەی سەرجەم بارمتە خۆشەویستەکانمان."