ئیسرائیل دەڵێت تونێلێکی قاچاخی لە سنووری لوبنان – سووریا بۆردوومان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر تونێلێک لەسەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان، گوایە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانییەوە بۆ بەقاچاخبردنی چەک بەکارهێندراوە.
بەپێی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، فڕۆکەکانیان بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، "هێرشێکی وردیان کردە سەر تونێلێک کە لە سنووری سووریاوە بۆ نێو لوبنان درێژ دەبووەوە و لەلایەن حیزبوڵڵاوە بۆ بەقاچاخبردنی چەک بەکاردەهێندرا."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشە ئاسمانییانەیدا کە رۆژی یەکشەممە کردوونی، "چەند پێگەیەکی دیکەی حیزبوڵڵا" لەنێو لوبناندا بۆردوومان کران.
میدیای فەرمیی لوبنان رۆژی یەکشەممە باسی لەوە کردبوو، "فڕۆکەی ئیسرائیلی دوژمن" ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر سنووری لوبنان – سووریا، لەنێویاندا دەروازەیەکی بۆردوومان کردووە.
لە 27ی تشرینی دووەمەوە، ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. ئاگربەستەکە زیاتر لە ساڵێک دوای شەڕ و پێکدادان هات، لەنێویاندا دوو مانگ لە جەنگێکی بەرفراوان.
وێڕای ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان؛ هەردوولا بەردەوام یەکدییان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پێویست بوو سوپای لوبنان لە باشووری وڵاتەکە لەگەڵ هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیر بکرێت.
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە ساڵی 2011 لە سووریا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئەو وڵاتەش.
رۆژی یەکشەممە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە سوەیدا و کۆگایەکی چەکی لە دەرعا بۆردوومان کردووە.
دوای رووخانی بەشار ئەسەدیش، ئیسرائیل سەدان هێرشی دیکەی ئاسمانیی کردنە سەر چەکی سوپای پێشووی سووریا.
هەروەها سەربازانی ئیسرائیل ناوچەی لە چەک داماڵدراوی سووریایان لە بەرزاییەکانی گۆلان بەزاندووە.