زاخارۆڤا: بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیان بە کۆنسووڵخانەکەمان لە ئیسفەهان گەیشت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بارەگای کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیان لە شاری ئیسفەهانی ئێران زیانی بەرکەوتووە و شووشەی پەنجەرەکانی شکاون. دەشڵێت، هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رۆژی سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێران رایگەیاند، "رۆژی 8ی ئادار، لە شاری ئیسفەهانی ئێران، کونسوڵخانەی گشتیی رووسیا زیانی بەرکەوت بەهۆی هێرشێک بۆ سەر نووسینگەی پارێزگار کە لە نزیک ئەوێ بوو."
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هێرشەکەوە پەنجەرەکانی بیناکە و شوقەکانی نیشتەجێبوون شکان، هەروەها چەند کارمەندێک بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەکەوە کەوتنە سەر زەوی، بەڵام گوتی: "خۆشبەختانە هیچ گیانلەدەستدانێک یان بریندارییەکی سەخت نەبووە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا جەختی کردەوە کە هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی روونی رێککەوتننامەکانی ڤیەننایە (1961 و 1963). داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە پارێزبەندیی ناوەندە دیپلۆماسییەکان بگرن و پارێزگاری لە ژیان و تەندروستی کارمەندەکانیان بکەن.
زاخارۆڤا داواشی کرد لایەنەکانی ململانێکە دەستبەجێ کۆتایی بە روبەرووبوونەوەی سەربازی بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستان.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا وئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر وڵاتانی کەنداو.
بە گوێرەی تەندروستیی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 13 کەس کوژراون. هەروەها، بە گوێرەی بەرپرسانی تارانیش، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە سەروو هەزار و 400 کەس کوژراون.