نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە مەترسییە ژینگەییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە دروستبوونی "دەرهاویشتەی ژینگەیی مەترسیدار" بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر پاکیی هەوا و ئاوی خواردنەوە.
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەردەوام زەنگی مەترسی لێدەدەین سەبارەت بە کاریگەرییە مرۆییەکانی هەڵکشانی تووندوتیژی لە بەشێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی زیانی گیانی لەنێو خەڵکی سڤیل، زیانگەیاندن بە ژێرخانی سڤیل و زیادبوونی ئاوارەیی."
دوجاریک ئاماژەی بەوە کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانییەکی قووڵی هەیە لەو راپۆرتانەی باس لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکان دەکەن و گوتی، "ئەم هێرشانە رەنگە دەرهاویشتەی ژینگەیی کارەساتباریان لێ بکەوێتەوە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، لەگەڵ کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ئاوی خواردنەوە و ئەو هەوایەی خەڵک پێویستی پێیەتی بۆ هەناسەدان، هەروەها کاریگەری لەسەر خۆراکیش دەبێت."
لێدوانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، هێرشێکی درۆنیی ئێرانی زیانی بە وێستگەیەکی سازگارکردنی ئاو گەیاندووە، کە گرنگییەکی زۆری بۆ ئابووریی وڵاتەکە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە.
دوجاریک گوتی، پێویستە هەموو رێکارێکی خۆپارێزی بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە کاریگەرییەکانی جەنگ و دوورکەوتنەوە لە بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، تۆڕەکانی ئاو و ژێرخانە سەرەکییەکانی دیکە.
پێشتر و رۆژی یەکشەممە، ئیسرائیل چەندین دامەزراوەی نەوتیی لە ئێران بۆردوومان کرد، لە بەرامبەریشدا ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە.