راپۆرتێک: پێنجشەممە تەنیا 6 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون
رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژ بە سەر راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، داتاکانی کەشتیوانیی جیهانی نیشانی دەدەن، هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز هێشتا زۆر لە خوار ئاستی ئاسایی پێش جەنگەوەیە. تەنیا نزیكەی 12 کەشتی لە ماوەی ئەم دوو رۆژەی ئاگربەستدا لەم رێڕۆ ستراتیژییەوە تێپەڕیون.
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی (MarineTraffic) بۆ چاودێریی کەشتیوانی، رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسان، کۆی گشتی تەنیا شەش کەشتی بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، کە بریتین لە:
- دوو کەشتیی هەڵگری نەوت، پەین یان گازی شل.
- سێ کەشتیی بارهەڵگر (کارگۆ).
- یەک تانکەری سووتەمەنیپێدەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە تەنیا پێنج کەشتیی بارهەڵگر تێپەڕیبوون و هیچ تانکەرێکی نەوت یان گازی تێدا نەبووە.
پەککەوتنی شا دەماری ئابووریی جیهان لەم ئامارانەدا بە روونی دەردەکەوێت:
پێش جەنگ (1 بۆ 27ـی شوبات): رۆژانە بە تێکڕا 129 کەشتی تێدەپەڕین.
دەستپێکی جەنگ (28ـی شوبات): تەنیا 74 کەشتی تێپەڕین.
مانگی ئادار: تێکڕای هاتوچۆ بۆ تەنیا 6 کەشتی لە رۆژێکدا دابەزی.
مانگی نیسان (تاوەکو ئێستا): تێکڕای هاتووچۆ بەرزبووەتەوە بۆ 10 کەشتی لە رۆژێکدا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوبات، لانیکەم 212 کەشتیی نەوت و گاز تەنگەکەیان بڕیوە، کە دەکاتە 58٪ـی کۆی ئەو کەشتییانەی تێپەڕیون. ئەو سێ کەشتییەی رۆژی پێنجشەممە تێپەڕین، هەر سێکیان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان بەهۆی گواستنەوەی پێشووی نەوتی ئێران. زۆربەی ئەم کەشتییانە ئاڵای وڵاتانی (پەنەما، ئێران، لیبیریا و پالاو)یان پێوە بووە.
هۆکاری سستیی هاتووچۆ بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە. رۆژی چوارشەممە تاران هاتووچۆی تەنگەکەی بۆ ماوەیەکی کورت راگرت وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رەتی کردەوە، لوبنان بەشێک بێت لە ئاگربەستەکە و گوتی: "سەرۆک ترەمپ داوا دەکات تەنگەی هورمز دەستبەجێ بە شێوەیەکی سەلامەت بکرێتەوە." جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکیش ئاماژەی بەوە کرد، "تێگەیشتنێکی هەڵەی یاسایی" لە نێوان لایەنەکاندا هەبووە سەبارەت بە مەرجەکانی ئاگربەست.
مات سمیس، شرۆڤەکاری نەوت لە کۆمپانیای (Kpler) رایگەیاند: "نزیكەی 1/3ـی نەوتی خاوی جیهان، کە رۆژانە 15 ملیۆن بەرمیل دەکات، بە ناو ئەم تەنگەیەدا تێدەپەڕێت. ئێستا ئەم هاتووچۆیە بۆ دڵۆپە دڵۆپە کەمبووەتەوە."
سەرەڕای ئاگربەستە 14 رۆژییەکە، هێشتا زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی جیهان نایانەوێت سەرکێشی بکەن و کەشتییەکانیان بنێرنە ناو تەنگەی هورمز، تاوەکو دڵنیا نەبن لەوەی کە ئاشتییەکی هەمیشەیی و گەرەنتی کراو لە ئارادایە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، راپۆرتیان پێگەیشتووە کە ئێران پارە و باج لەو کەشتییانە وەردەگرێ کە بەناو تەنگەکە تێدەپەڕن. ترەمپ گوتی: "باشترە وا نەکەن، ئەگەر واش دەکەن، وا باشترە هەر ئێستا رایگرن."