وەزیری دەرەوەی لوبنان: پشت بە وڵاتانی دۆست دەبەستین بۆ راگرتنی هێرشەکان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی لوبنان رایدەگەیێنێت، بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتگیریکردن لە سەروەریی دەوڵەت، پشت بە وڵاتانی دۆست دەبەستن و دەشڵێت: "پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
ئەمڕۆ هەینی، یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕوانی هەڵوێستی وڵاتانی دۆستە بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی سەروەریی لوبنان و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانیان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی لوبنان لە کاتێکدان کە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تەنیا لە هێرشەکانی رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
پرسی "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا" ئاماژەیەکی روونە بۆ پێگەی سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنان، کە وەک هێزێکی چەکداری کاریگەر لە دەرەوەی کۆنترۆڵی سوپای لوبنان مامەڵە دەکات.
حکومەتی لوبنان لەژێر گوشارێکی نێودەوڵەتیی زۆردایە بۆ ئەوەی رێگری لە فراوانبوونی شەڕەکە بکات و سەروەریی خۆی بەسەر هەموو خاکەکەیدا بسەپێنێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەلایەن فەرەنسا و ئەمریکاوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا بەردەوامن.