نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە 'کۆنترۆڵکردنی' هاوکارییە مرۆییەکانی غەززە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی هۆشدارییان لە پلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر دانیشتووانی غەززەدا دەدەن و دەڵێن، ئەو پلانانە دەبنە هۆی ئازار و مردنی زیاتر لەنێو دانیشتووانی کەرتەکەدا.
مایک هوکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، پێشنیازێک لەلایەن وڵاتەکەیەوە ئامادەکراوە و بەمزووانە دەستپێدەکات؛ بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەسەر دانیشتووانی غەززەدا. ئەو دەشڵێت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان دەکەن بەشداری تێدا بکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردووەتەوە بەشداری لە پڕۆژەکەی ئەمریکادا بکەن و دەڵێن، ئەمە بەکارهێنانی هاوکارییە مرۆییەکانە وەکو چەکێک دژی دانیشتووانی کەرتەکە. ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێشنیازەکە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکی غەززە و پێشێلکردنی بێلایەنی و ناشبێتە هۆی دابینکردنی هاوکاری پێویست.
لە رۆژی دووی ئاداری ئەمساڵەوە ئیسرائیل رێی لە گەیاندنی هاوکارییەکان بە کەرتی غەززە گرتووە. بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دەڵێن، حەماس بەشێکی ئەو هاوکارییە مرۆییانە دەبات و تاوەکو دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە، رێگە بە هاوکاری مرۆیی دیکە نادەن ببرێنە غەززە.
جەیمس ئیلدەر، گوتەبێژی ئاژانسی یونسێف لە جنێڤەوە رایگەیاند، "هاوکاریی مرۆیی نابێت بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێندرێت". گوتیشی، "رێگەیەکی ئاسان هەیە، رێگرییەکە مەهێڵن، رێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بدەن و ژیانی خەڵکی بپارێزن".
وردەکاری پڕۆژەکەی ئەمریکا
هوکابی لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەمزووانە پێشنیازە پڕۆژەکەیان دەستپێدەکات، ئەمە بەبێ راگەیاندنی کاتێکی دیاریکراو.
جەختی لەوەش کردەوە، دابینکردنی ئاسایشی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دابەشکردنیان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دەبێت و سوپای ئیسرائیل بەشداری لە دابەشەکردنیان ناکات تەنیا لە دوورەوە پڕۆسەکە دەپارێزێت بۆ ئەوەی حەماس نەتوانێت هاوکارییەکان ببات.
پڕۆژەکەی ئەمریکا لەلایەن دامەزراوەیەکی وڵاتەکەوە بەناوی دامەزراوەی مرۆیی بۆ غەززە ئامادەکراوە و پاڵشتی ئەمریکای هەیە و شێوازەکەشی یەکانگیرە لەگەڵ داواکارییەکانی ئیسرائیلدا.
بە گوێرەی پڕۆژەکە، لە غەززە چوار ناوەندی هاوکاری دروستدەکرێن کە هەریەکەیان 300 هەزار کەس لەخۆبگرن. ناوەندەکان پاسەوانی تایبەت بە خۆیان دەبێت، بەبێ تێوەگلانی ئیسرائیل.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە جنێف بەرپرسانی ئەمریکا پڕۆژەکەیان بۆ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان روونکردووەتەوە و داوای بەشداریکردنیان لێکردن.
جۆزێف بیلیڤیاو، بەڕێوبەری جێبەجێکاری میدگڵۆباڵ کە رێکخراوێکی تایبەت بە دابینکردنی هاوکاریی تەندروستییە لەبارەی وەڵامی رێکخراوەکانەوە گوتی، ئامادەبووان داوای مانەوەی شێوازی ئێستای دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان کردووە، چونکە سیستمێکی سەربەخۆ و بێلایەنە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا باسیان لە پلانی خۆیان بۆ گەیاندن و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی غەززە نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، لە رێگەی گفتوگۆی نهێنییەوە وردەکاری پلانەکەیان پێگوتراوە و ئەو پلانە پێشێلکاری بنەماکانی هاوکاری مرۆییە و بەشداری تێدا ناکەن.