گرژییەکان لە ئاوەکانی کەنداو زیاد دەکەن؛ کەشتییەک پێکرا و ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین رۆژ لە پێکدادان و تۆمەتگۆڕینەوە، مەترسیی تەقینەوەی شەڕی دەریایی لە کەنداو زیاتر بوو، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەک لە کەناراوەکانی قەتەر پێکرا و ئێران هۆشداری دا کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، کەشتییە بارهەڵگرەکە لە ئەبوزەبییەوە گەیشتبووە نێو ئاوەکانی قەتەر و لە باکووری رۆژهەڵاتی بەندەری مسێعید بە درۆنێک پێکراوە.
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی گەورەی بارهەڵگر ئاگاداری کردوونەتەوە کە بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە. ناوەندەکە گوتی: "ئاگرێکی بچووک کەوتەوە و کوژایەوە، هیچ قوربانییەک نییە و هیچ کاریگەرییەکی ژینگەییش رانەگەیێندراوە."
هەرچەندە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی رانەگەیاند، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاویکردەوە: "ئەو کەشتییە بارهەڵگرەی لە نزیک کەناراوەکانی قەتەر پێکراوە، ئاڵای ئەمریکای هەڵگرتووە و سەر بە ئەمریکایە."
ئەمە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کرد، ئەگەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بکرێنە ئامانج، ئەوان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەنە ئامانج. رۆژی هەینی، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا تەقەی لە 2 کەشتیی ئێرانی کرد لە کەنداوی عومان و پەکيخستن بۆ ئەوەی نەگەنە بەندەرەکانی ئێران.
سوپای پاسداران رایگەیاند: "هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکانی ئێران، دەبێتە هۆی هێرشێکی قورس بۆ سەر یەکێک لە ناوەندەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و کەشتییەکانی دوژمن."
هێرشە درۆنییەکان
کوێتی دراوسێی ئێرانیش هەوڵێکی هێرشکردنی راگەیاند.
سوپای کوێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزە چەکدارەکانمان ژمارەیەک درۆنیان لە ئاسمانی کوێت دۆزینەوە و بەپێی رێکارە دیاریکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵ کرا."
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی دوو درۆن تێکبشکێنت، کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە رێڕەوێکی گرنگە لە کەنداوەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت، گاز و پەین، بە مەبەستی دروستکردنی گوشاری ئابووری لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لە بەرامبەردا، هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی ئەو کەشتییانە دەدات کە بۆ بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێیەوە دێن و هەندێک جار پەکیان دەخات یان رێڕەوەکەیان دەگۆڕێت.
گرژییەکان روو لە زیادبوونن لە کاتێکدا واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەکات لەسەر نوێترین پێشنیازی رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، بۆ ئەوەی هەردوولا بچنە نێو دانوستاندنەکانی ئاشتییەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، چاوەڕێ دەکات رۆژی هەینی نێوەندگیرە پاکستانییەکان وەڵامی ئێران وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک ئاشکرا نەکراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە: "هەڵکشانی ئەم دواییەی گرژییەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە کەنداوی فارس و پێشێلکارییە زۆرەکانیان بۆ سەر ئاگربەستەکە، گومانی زیاتری خستووەتە سەر پاڵنەر و جدیبوونی لایەنی ئەمریکی لە رێڕەوی دیپلۆماسیدا."
ئێران میکانیزمێکی پارەدانی دامەزراندووە بۆ وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە "قبووڵی ناکەن" تاران کۆنترۆڵی رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی بکات کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە لەگەڵ میری قەتەر کۆبووەوە. رۆژێک پێشتریش، شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
لە کاتی جەنگەکەدا، ئێران هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەک لە قەتەر، بەهۆی ئەوەی ئەو میرنشینە دەوڵەمەندە میوانداریی بنکەیەکی گەورەی ئاسمانیی ئەمریکا دەکات.