لە سەرەتای ئادارەوە 2846 لوبنانی بە هێرشی ئیسرائیل کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایدەگەیاند، تاوەکو ئێستا 2846 کەس کوژراون و زیاتر لە 8 هەزار و 600 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ناوەندی کارەساتە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 2ـی ئاداری رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 2846 کەس کوژراون و 8693 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ناوەندەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی فریاکەوتن و فریاگوزاری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کارە مەیدانییەکانیان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە ئەمنی و مرۆییانەی لە ناوچە جیاجیاکاندا هەن.
ئەم ئامارانە قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە نیشان دەدەن کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانەوە دروست بووە. ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان هەیە و نەخۆشخانەکان و تیمە پزیشکییەکان رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەتەوە بۆ دابینکردنی چاودێریی پێویست و وەڵامدانەوەی خێرای حاڵەتە بەپەلەکان.
ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە کە داواکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی هێرشەکان و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان بەردەوامن، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە پاراستنی خەڵکی سڤیل و تیمە پزیشکییەکانەوە هەیە. هەروەها جەخت لە پێویستیی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و تەندروستیی بەپەلە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکرێتەوە.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیانی گەورەی گیانی و مادیی لێکەوتووەتەوە.
ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان چڕتر کردووەتەوە، کە بەهۆیانەوە 1.6 ملیۆن کەس ئاوارە بوون. ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنگەی هورمزدا، کە وایکردووە بارودۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو نادیاری بڕوات.