سوپای لوبنان عێراقییەکی دەستگیرکرد کە خۆی وەک بەرپرسێکی ئەمنیی باڵیۆزخانە ناساندبوو
رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان رایگەیاند، هاوڵاتییەکی عێراقییان دەستگیرکردووە کە خۆی وەک بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق ناساندووە؛ ئەمەش دووەم کەیسی گەورەی هەڵخەڵەتاندنە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو پیاوە توانیویەتی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی لوبنان دروست بکات و پێی گوتوون کە لە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت کار دەکات. سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەستگیرکردنی ئەو کەسە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی چاودێری و بەدواداچوونی ورد بووە.
لە گەراجی ئۆتۆمبێلەوە بۆ "ئەفسەری دژەتێرۆر"
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە تۆمەتبارەکە "بەڵگەنامەی ساختە"ی بەکارهێناوە و ئەو جلوبەرگە سەربازییەی لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا پۆشیویەتی، دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرچاوە سەربازییەکە گوتی، پیاوەکە ژنێکی لوبنانی هێناوە و توانیویەتی لە بەرپرسێکی هەواڵگری لە بەیرووت نزیک بێتەوە و خۆی وەک "ئەفسەری دژەتێرۆری عێراق" و بەرپرسێکی "ئەمنی لە باڵیۆزخانەی عێراق" بناسێنێت.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، تۆمەتبارەکە لە راستیدا کارمەندی کافتریایەکی ناسراو بووە لەسەر رێگەی فڕۆکەخانە لە باشووری بەیرووت و پێشتریش لە گەراجی ئۆتۆمبێل کاری کردووە.
بەڵێنی گەشتی کەربەلا بۆ ئەفسەرەکان
بەرپرسێکی دادوەری بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، تۆمەتبارەکە لە رێستۆرانت، پارک و شوێنە گشتییەکان چاوی بە ئەفسەرانی هەواڵگری و دەزگا ئەمنییەکان کەوتووە. بۆ راکێشانی متمانەی ئەفسەرەکان، بەڵێنی پێداون، گەشتی ئایینییان بۆ شاری کەربەلا لەسەر حسابی حکومەتی عێراق بۆ رێکبخات.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە چەند مانگێکە دەسەڵاتدارانی لوبنان لێکۆڵینەوە لە کەسێکی دیکە دەکەن کە خۆی وەک "شازادەیەکی سعودی" ناساندبوو و توانیبووی لەرێگەی کەسایەتییەکی ئایینییەوە پارە لە چەندین سیاسی وەربگرێت، کە سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو و چەندین ناوداری دیکەی تێدا بوو.
سەرچاوە سەربازییەکانی لوبنان دەڵێن، هێشتا پاڵنەری راستەقینەی ئەم پیاوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی بەرپرسەکان دیار نییە، بەڵام مەترسیی کەیسەکە لەوەدایە کە توانیویەتی بە ئاسانی "بەرپرسانی هەواڵگری چەواشە بکات بە ناسنامە ساختەکەی".