حاجییەکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە دەڵێت، حاجییەکی خەڵکی سەقز لە شاری مەککە کۆچی دوایی کردووە.

کاوە شێرزادی، بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەو حاجییە ناوی ئیسماعیل قەیسەری-یە و تەمەنی 76ساڵ بوو، بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە شاری مەککە گیانی لەدەستداوە.
 
بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە گوتی، "ئەوە یەکەم حاجی پارێزگاکەیە ئەم ساڵ لە مەککە کۆچی دوایی بکات."
 
ئەم ساڵ لە پارێزگای سنەوە 1407 کەس بە 10 کاروان چوونەتە حەج. لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش 86 هەزار و 700 کەس چوونەتە حەج.
 
تاوەکو ئێستا 14حاجی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمەکانی حەج گیانیان لەدەستداوە.
 
پار زیاتر لە 1300 حاجی کە 22ـیان ئێرانی بوون لە رێوڕەسمی حەجدا گیانیان لەدەستدا.