ئوردن: سێشەممە میوانداریی کۆبوونەوەی سووریا - ئەمریکا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، 12.08.2025، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سووریا - ئەمریکا دەکات بۆ تاوتوێکردنی پشتیوانی بۆ دیمەشق.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، شانشینی ئوردن، رۆژی سێشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا.
 
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: "شانشینی ئوردن، دوو سبەی سێشەممە، میوانداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئوردنی - سووری - ئەمریکی دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا و رێگەکانی پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لەسەر ئەو بنەمایانەی کە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەرییەکەی مسۆگەر دەکەن، هەروەها وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلە دۆستەکەی بێت و مافی هەموو سووریاییەکان بپارێزێت".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا و تۆماس باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرسێ وڵات بەڕێوەدەچێت.
 
ئەم کۆبوونەوەیە تەواوکەری ئەو گفتوگۆیانە دەبێت کە 19ی تەممووز لە عەممان لە نێوان ئەو دوو بەرپرسە سەبارەت بە پێکدادانە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدای سووریا بەڕێوەچوو. 
 
لە وەڵامی راگەیاندنی کۆبوونەوەکەدا، تۆماس باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس "پابەندبوونی هاوبەش"ی هەردوو وڵاتی دووپاتکردەوە "بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەک کە تێیدا سووریا و هەموو گەلەکەی بتوانن لە ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بژین."
 
تووندوتیژییەکانی مانگی تەممووز لە نێوان چەکدارانی دروز و دەشتەکییەکان بوو کە بووە هۆی دەستوەردانی هێزەکانی حکومەتی نوێ و چەکدارانی هۆزەکان کە بۆ پشتیوانیی دەشتەکییەکان چووبون، هەروەها سوپای ئیسرائیلیش هێرشی ئاسمانیی بۆ پشتیوانیی دروزەکان کرد.
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەو تووندوتیژیانەدا هەزار و 400 کەس کوژران، دواتر بە ئاگربەست کۆتاییهات.