ئیسرائیل لە دروستکردنی تۆڕی نوێی رێگەی کەشتی و شەمەندەفەر لە هیندستانەوە بۆ ئەوروپا بەشداردەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دروستکردنی تۆڕێکی رێگەی کەشتی و شەمەندەفەردا بەشداردەبێت کە لە هیندستانەوە بەنێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەرەو ئەوروپا دەڕوات.
پلانەکە، پڕۆژەیەکی گەورەیە و ئامانجی پەرەپێدانی گەشەی ئابووری و پێکەوەکارکردنی سیاسییە، لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هیندستان، لە لووتکەی ساڵانەی کۆمەڵەی 20 ئابوورییە باڵاکانی جیهان راگەیێندرا.
بە گوتەی سەرکردەکان، پڕۆژەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەکردنی بازرگانی، گواستنەوەی وزە و باشترکردنی پەیوەندیی دیجیتاڵی.
هەریەکە لە: هیندستان، سعودیە، ئیمارات، ئوردن، ئیسرائیل و یەکێتیی ئەوروپا لە پڕۆژەکەدا بەشداردەبن.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە شەوی شەممە (9-9-2023) بڵاویکردووەتەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، پڕۆژەکە هێڵی ئاسن، راکێشانی بۆریی هایدرۆجین و هێڵی کارەبا لەنێوان وڵاتان لەخۆدەگرێت.
نەتەنیاهوو گوتی "وڵاتەکەمان، ئیسرائیل دەبێتە خاڵێکی چوارڕیانێکی ناوەندی لەم رێڕەوە ئابوورییەدا."
دەقی گوتەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل:
ئەمشەو، خۆشحاڵم کە هەواڵێکی نایابتان پێ دەڵێم. ئیسرائیل لە چەقی پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی بێوێنەدایە. پڕۆژەیەک کە ژێرخانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم پەیوەندییە دیدگەیەکی لەمێژینە بەدیدێنێت، کە رووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت، رووی ئیسرائیل دەگۆڕێت و کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان دەبێت. ئەم روانگەیە لە هیندستانەوە دەستپێدەکات، بە ئیمارات، سعودیە، ئوردن، ئیسرائیلدا تێدەپەڕێت و دەگاتە ئەوروپا.