هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر؛ 'ئیدی ئەمریکایەک نییە سنوور بۆ ئیسرائیل دابنێت'


رووداو - نیویۆرک

قەتەر بە وڵاتێکی دەوڵەمەند، ئارام و باڵەخانەی بەرز ناسراوە، بەڵام رۆژی سێشەممە، ناوچەیەکی دەوحەی پایتەخت دووکەڵی لێ بەرزبووەوە دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر شوێنێکی مانەوەی سەرکردەکانی حەماس. 
 
لە ئەمریکا پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لێکەوتەی قوڵتری بۆ ناوچەکە لێدەکەوێتەوە.
 
کۆڵن کڵارک، بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە لە سەنتەر سەوفان لە نیویۆرک ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە پەیامێکی بەهێز دەنێرێت کە ئەمەیە: "ئیسرائیل باڵادەستی ناوچەکەیە و تاکە هێزی خاوەن چەکی ئەتۆمە لە هەرێمەکە. خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازییە و هیچی دیکە ئەمریکایەک بوونی نییە سنوور بۆ ئیسرائیل دابنێت."
 
کڵارک دەڵێت، ئیسرائیل "بە ئازادیی خۆی هێرش دەکات، سووریا، لوبنان، قەتەر و لە راستیدا لە زۆربەی هەرێمەکەش کاریگەرییەکی ناسەقامگیرکەری هەیە. ئایا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننەکانی ئیبراهیم؟ رەنگە! و پێموایە ئەمە شتێکە کە ئیدارەی ترەمپی زۆر نیگەران کردووە."
 
کۆشکی سپی دەڵێت، ئیسرائیل لە دوایین چرکەکاندا لە هێرشەکە ئاگاداریکردووەتەوە. بەپێی چەند بەرپرسێکی ئەمریکیش کە قسەیان بۆ کەناڵ 12 کردووە، کاتێک هەواڵەکە گەیشتووەتە کۆشکی سپی، ترەمپ و هاوکارەکانی شۆک بوون و نیگەران بوون لەوەی ئیسرائیل ئاگاداری نەکردوونەتەوە. 
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی شەوی رابردوو رایگەیاند، "بۆمبارانکردنی تاکلایەنەی ناو قەتەر، دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا، کە زۆر بەجدی و بوێرانە لەگەڵماندا وەکو ناوبژیکەری ئاشتی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، نابێتە هۆی پێشخستنی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."
 
قەتەر وڵاتێکی بچووکی کەنداوە کە بنکەیەکی سەربازی گەورەی ئەمریکای لێیەوە و وڵاتەکە تەنانەت فڕۆکەیەکی بە بڕی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار بەخشیوتە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام هیچ یەک لەوانە نەیانتوانی لە هێرشی ئیسرائیل بیپارێزن.
 
لە هێرشەکەدا لانیکەم هاووڵاتییەکی قەتەری کوژرا و قەتەر دەڵێت، مافی وەڵامدانەوەی هەیە. هەروەها هێرشەکە بەبێ سزا تێناپەڕێت.
 
محەممەد ساڵح، توێژەری باڵا لە دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت: "هێرشەکە ئەو هەستە لەنێو وڵاتانی کەنداودا دروست دەکات کە دەبێت بۆ ئاسایش و پاراستنی خۆیان، رێچکەیەکی دیکە بگرنەبەر و پشت بە خۆیان ببەستن. ئەو هەستەیان لەلا بەهێز دەکات کە ئەمریکا ناتوانێت، یان نایەوێت لە هەندێک وێستگە و قۆناخی گرنگ و هەستیاردا بەدەم داواکانی ئەوانەوە بچێت و هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان."
 
ئیسرائیل دەڵێت، بەتەنیا بەرپرسیارێتی هێرشەکە هەڵدەگرێت. تووندترین وەڵام بۆ هێرشەکەش لە تورکیاوە بوو کە هێرشەکەی بە کارێکی "تیرۆریستی" لە قەڵەمدا. نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی پێشیلکردنی سەروەریی قەتەرە.