بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن 35 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەنعا و هەرێمی جەوفەوە 35 کەس کوژران.
رۆژی چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، ئەنیس سوبحی، گوتەبێژی وزارەتی تەندروستیی حووسییەکانی یەمەن لەبارەی بۆردوومانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان لە ئێکس بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 35 کەس و 131 کەسیش بریندار بوون. راشیگەیاند، ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش بێسەروشووێن بوون و تیمەکان بەدوایاندا دەگەڕێن.
بەگوێرەی حووسییەکانی یەمەن، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی میدیایی گرووپەکەیان و بنکەیەکی سەربازییان بووە لە هەرێمی جەوف. یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان رایگەیاند، رۆژنامەڤانەکانی رۆژنامەکانی 26ی سێپتێمبەر و ئەلیەمەن لەنێو کوژراوەکاندان.
مانگی رابردوو، ئەحمەد غالب ناسر رەحاوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی حووسییەکانی یەمەن، 9 وەزیر و دوو بەرپرسی کابینەکە کوژران.
رۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی یەمەنی فڕۆکەخانەی رامۆنی لە باشووری ئیسرائیلی کردە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بوو.
لەوەتەی شەڕی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 سەریهەڵداوە، حووسییەکان چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
لە وەڵامدا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتەوە سەر یەمەن، بە پلەی یەکەم ژێرخانی وەک بەندەرەکان، وێستگەکانی کارەبا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعای کردووەتە ئامانج.