وەزیرانی گواستنەوەی تورکیا، قەتەر، ئیمارات و عێراق لە بەغدا کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو وەزیرانی گواستنەوەی تورکیا، قەتەر، ئیمارات سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەیان لەبارەى پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کۆدەبنەوە.
چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە رۆژی 15ـی ئەم مانگە لە بەغدا دەکرێت.
22ـی نیسانی 2024، نوێنەرانی هەر چوار وڵات لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، لێکتێگەیشتنێکی چوار قۆڵیان واژۆ کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و کاری ئەو لیژنە هاوبەشانەیە کە لەنێوانیان پێکهێنراوە.
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت، هێڵێکی شەمەندەفەر و وشکانیی خێرایە، بۆ گواستنەوەی کاڵا و گەشتیار لە بەندەری فاو لە بەسرە بۆ تورکیا.
درێژیی هێڵەکە هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت و بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە.