تیمێکی 200 سەربازیی ئەمریکی چاودێریی ئاگربەستی غەززە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاندووە، تیمێکی 200 سەربازیی ئەمریکی لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاو دەکرێنەوە، بەمەبەستی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە پاش واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوانیان بە نێوەندگیریی سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی.
 
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە میدیای ئەمریکیان راگەیاندووە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم، لە قۆناخی یەکەمدا 200 سەربازیی ئەمریکی لەبەردەست دەبێت بۆ چاودێرییکردنی ئاگربەستەکە و دڵنیابوون لەوەی ئاگربەستەکە پێشێل نەکرێت.
 
هەروەها ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردووە، فەرماندەی سەربازیی وڵاتانی میسر، قەتەر و تورکیا و رەنگە ئیمارات لەگەڵ ئەو تیمە سەربازییەی ئەمریکا چاودێریی پرۆسەکە بکەن، بەڵام بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی رایگەیاندووە "هیچ سەربازێکی ئەمریکی ناچێتە نێو کەرتی غەززەوە."
 
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە، میدیای ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە چاوەڕێ دەکرێت هێزەکانی ئەمریکا لە میسر جێگیر بکرێن و لەوێ ناوەندێکی کۆنترۆڵی هاوبەش پێکبهێنن و هێزەکانی دیکەشیان لەگەڵ تێکەڵ دەکەن، بەڵام هێزەکانی دیکە لەنێو کەرتی غەززە کار دەکەن، بەمەبەستی هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل تاوەکو هیچ پێکدادانێک لەنێویان روونەدات.
 
"نەتەنیاهوو بڕیارێکی قورسی دا"
 
شەوی پێنجشەممە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەو باوەڕەدایە، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەند بڕیارێکی قورسی دا تاوەکو لەگەڵ حەماس بگەنە رێککەوتن و ئاگربەست رابگەیێندرێت و ئەگەر کەسێکی دیکە بووایە، باوەڕناکات بگەیشتنایە ئەم قۆناخە.
 
ویتکۆف لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەنیاهوو، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆکوەزیران بڕیارێکی قورسی دا. ئەو ئەرکی پاراستنی ئەم وڵاتەی لەبەردەست بوو. ئەرکی بوو بڕیاری قورس بدات، لەبارەی تا چەندە لەگەڵ حەماس تووند بێت و کەی نەرم بێت."
 
ویتکۆف دەڵێت، هەندێک جار پێیوابوو ئیسرائیل دەبوو "نەرمتر" بێت. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کاتێک تەماشای رووداوەکانی رابردوو دەکەیت "پێموانییە بەبێ سەرۆکوەزیران بگەینە ئەم قۆناخە."
 
"کوشنەر ستایشی خەزووری دەکات"
 
لەلایەکی دیکەوە، جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ ستایشی سەرۆکی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد و گوتی "ئاشکرایە بە گەڕانەوەی بارمتەکان بۆ وڵات، ئامانجی لەپێشینە و لەمێژینەی سەرۆک ترەمپ بووە و هەموومان ماندوونەناسانە کارمان بۆ ئەو مەبەستە کردووە."
 
بەڵام کوشنەر ستایشی سوپای ئیسرائیلی لە غەززە کرد و رایگەیاند، "هەموو ئەمانە بەبێ ئازایەتیی سوپای ئیسرائیل و سەربازەکانی نەدەبوو، نەک تەنیا لەوەی لە کەرتی غەززە بەدەستیان هێناوە، بەڵکو ئەو دەستکەوتانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ لەنێوبردنی حیزبوڵڵا لە باکوور کردوویانە."
 
"داهاتووی کەرتی غەززە نادیارە"
 
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ رایگەیاند، ئەو سەرکەوتوو بووە لە کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو ساڵەی غەززە، بەڵام دان بەوەشدا دەنێت، هێشتا کێشەکانی بەڕێوەبردنی کەرتەکە لەدوای جەنگ پێویستە یەکلایی بکرێنەوە.
 
ترەمپ لە سەرەتای کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "شەوی رابردوو گەیشتینە پێشکەوتنێکی گرنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ئێمە کۆتاییمان بە جەنگ لە غەززە هێنا و ئاشتیمان هێنایە ئاراوە، هیوادارم ئاشتییەکی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بێتەدی."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئەمریکا چی گرەنتییەک لە دانوستانەکاندا داوە سەبارەت بەوەی حەماس چەک دادەنێت و ئیسرائیلیش شەڕ دەستپێناکاتەوە، ترەمپ رایگەیاند "کاری لەپێشینەمان ئازادکردنی بارمتەکانە."
 
بەڵام ترەمپ ئاماژەی بەوەدا زۆر شت ماوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لەبارەی داهاتووی کەرتی غەززە لەدوای جەنگ، بەڵام گوتیشی "حەماس بە هەموو شتەکان رازی بووە و پێموایە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت."
 
لەبارەی هێزە نێودەوڵەتییەکەی چاودێریی ئاگربەستەکە دەکات، ترەمپ گوتی "کۆمەڵێک خەڵکی زۆر بڕیار دەدەن چی دەبێت و وڵاتە دەوڵەمەندەکان پارەی ئەو هێزە دەدەن."