دەکرێت ئاشتیی درێژخایەن لە غەززە بەدیبێت؟
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بە زەردەخەنەوە پێشوازی لە ئاگربەستی غەززە دەکات. دەڵێت، "ئەم پێشکەوتنە هێز و توانای دیپلۆماسییەتیمان پێشان دەدات. با بیرمان بخاتەوە، چارەسەری ململانێکان لە گۆڕەپانی جەنگدا نادۆزرێنەوە، بەڵکو لەسەر مێزی گفتوگۆ دروست دەبن."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە پلانێکی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە حەماس و ئیسرائیل قبووڵیان کردووە. بەوشێوەیە، خولێکی دیکەی تووندوتیژی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆتاییهات.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئامادەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان و گەیاندنی کۆمەک بە خەڵکی غەززە.
تۆم فلێچەر، بەڕێوبەری گەیاندنی کۆمەکە لە رێکخراوەکە، ئاماژەی بەوە کرد، "بە گوتەی هاوکارە بەتواناکەم، سیندی مەکین، ئێمە ئامادەین بۆ جووڵە و گەیاندنی کۆمەک بە قەبارەی زۆر."
بەڵام لەژێر گەشبینییەکەدا، راستییەکی تاڵ هەیە. ئەو جەنگە ناباڵانس بوو. لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023وە، زیاتر لە 67,000 فەڵەستینی کوژراون و هەزارانیان منداڵ بوون. لە ئیسرائیلییەکان، نزیکەی 1665. ئەمەش واتا یەک بەرامبەر 40ـە. کوژرانی چل فەلەستینی لە بەرامبەر هەر ئیسرائیلییەکدا.
پرسیارێک لێرەدا دێتەپێشەوە ئەوەیە، ئایا ژمارەکان گرنگییان هەیە؟ بۆ غەززە، وێرانکارییە. بۆ ئیسرائیل، ساردکردنەوە، رەنگە تەنانەت سەرکەوتنیش بێت. هەڵمەت و هێرشێک کە ئامانجی لێی ئەوە بوو حەماس هەرگیز نەوێرێت هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل.
بەڵام ئایا ئەوە بۆ بزووتنەوەیەک [حەماس] گرنگە کە مردن بە خەڵاتی خودا دەزانێت؟ ئەوان دەڵێن، "شەهیدەکانی ئێمە لە بەهەشتن و کوژراوەکانی ئێوە لە دۆزەخ." کاتێک خودی مردن دەبێتە خەڵات، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئیسرائیل ئامانجەکەی خۆی پێکاوە؟ ئەی ئایا تاوانباران، بکوژانی خەڵکی مەدەنی، هەرگیز رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە؟
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "با راستگۆ بین، راستییەکەی ئەوەیە لێپرسینەوە لە ململانێی نێودەوڵەتیدا کاتی زۆری دەوێت." ئیدی بەم شێوەیە، لە جیهان داوا دەکرێت چاوەڕێ بکات. هیوا بخوازێت. باوەڕ بهێنێت کە کات، بە جۆرێک لە جۆرەکان، دادپەروەری دەهێنێت.