حەماس هەر جۆرە سەرپەرشتییەکی بیانی بۆ غەززە رەتدەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پێچەوانەی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی بزووتنەوەی حەماس و بەشێک لە گرووپە فەلەستینییەکانی دیکە گوتیان، رازی نابن هیچ هێز و لایەنێکی بیانی لە داهاتوودا سەرپەرشتیی کەرتی غەززە بکات و دەڵێن، بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە کارێکی تەواو نێوخۆیی فەلەستینییە.
 
گرووپەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "جەخت لە رەتکردنەوەی تەواوەتیی هەر سەرپەرشتییەکی بیانی دەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە و بنەماکانی کارکردنی دامەزراوەکانی، کارێکی نێوخۆیی فەلەستینییە و پێکهاتە نیشتمانییەکانی گەلەکەمان بە هاوبەشی دیاری دەکەن."
 
بەڵام ئاماژەیان بەوەش داوە، ئامادەن "سوود لە بەشداریی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، بووژانەوە و پشتگیریکردنی گەشەپێدان وەربگرن، بە شێوەیەک کە ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان بەهێزبکات و مافەکانی لەسەر خاکەکەی بپارێزێت."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بانگەوازی یەکڕیزی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی دووپات دەکەینەوە بۆ دەستپێکردنی رێڕەوێکی سیاسیی نیشتمانیی یەکگرتوو لەگەڵ هەموو هێز و لایەنەکان، هەروەها بە هاوئاهەنگی هەوڵە بەنرخەکانی میسر کاردەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی گشتگیری بەپەلە، وەک هەنگاوی دوای ئاگربەست بۆ یەکخستنی هەڵوێستی فەلەستینی، داڕشتنی ستراتیجێکی نیشتمانیی گشتگیر و بنیاتنانەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکانمان لەسەر بنەمای هاوبەشی، متمانە و شەفافیەت."
 
پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاز دەکات، غەززە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری کاتییەوە بەڕێوەببرێ کە پێکبێت لە لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی و بەرپرس بێت لە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتی و شارستانییەکانی رۆژانەی دانیشتووانی غەززە.
 
پلانەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو لیژنەیە "لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی دەستەیەکی راگوزەری نێودەوڵەتیی نوێدا دەبێت بە ناوی 'ئەنجوومەنی ئاشتی' کە ترەمپ سەرۆکایەتیی دەکات."
 
ئەو لیژنەیە چەندین ئەندامی تێدا دەبن کە لە سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان پێکدێن، لەنێویاندا تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا."
 
رۆژی پێنجشەممە، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، رێککەوتنێک هەیە بۆ پاراستنی ئارامیی غەززە لەلایەن هێزێکی پۆلیسی فەلەستینییەوە کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە راهێنانیان پێدەکرێت.
 
هەروەها گوتی، "ئامانج لەم پۆلیسە پاراستنی ئاسایشی رۆژانەیە لە غەززە." جەختیشی کردەوە، "پێویستە ئەم پۆلیسە لەلایەن هێزی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی بکرێ بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتیکردەوە، "پێویستە ئەرکێکی دیاریکراو بەم هێزانە بسپێردرێت" و گوتیشی، "ئەمە ئەو بابەتەیە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دامەزراندنی ئەم هێزە نێودەوڵەتییە."