نەتەنیاهوو: دوای رووخانی رژێم، ئیسرائیل و ئێران دەبنە هاوبەشی گەشەپێدان و ئاشتی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هیواخوازن بەم نزیکانە حکومەتی ئێران بڕووخێت و دەسەڵاتێکی نوێ لەو وڵاتەدا هەبێت. دەشڵێت، ئەو کات دەتوانن لەگەڵ ئەو وڵاتە ببنەوە هاوبەشی یەکدی.
رۆژی یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکیدا سەبارەت بە داهاتووی ئێران لە کۆبوونەوەی حکومەتی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، "هیوادارم گەلی ئێران بەمزووانە لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکاری رزگاریان بێت و وڵاتەکەیان ئازاد بێت".
ماوەی دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان 180 شاری ئێرانی گرتووەتەوە. هەرچەندە سەرەتا ناڕەزاییەکان بۆ گرانی و خراپیی بژێوی بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک شوێن درووشمەکان گۆڕاون بۆ رووخانی دەسەڵات و حکومەتیش زیاتر لە 60 کاژێرە هێڵی ئینتەرنێتی بڕیوە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانی سیاسی لە ئێران دەبێتە وەرچەرخانێکی گەورە و گوتی: "کاتێک رژێمی ئێستا دەڕووخێت، ئیسرائیل و ئێران جارێکی دیکە دەبنەوە بە هاوبەشی یەکدی". جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری دروستکردنی پەیوەندییەکی بنچینەییە لەگەڵ ئێران بۆ گەشەپێدان و چەسپاندنی ئاشتی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نەتەنیاهوو پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەربڕی و رایگەیاند: "هیوای ئازایی و بەهێزی بۆ هاووڵاتییانی ئێران دەخوازین لە خۆپێشاندانەکانیاندا."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە رووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون، هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کوژرانی 116 خۆپێشاندەریان پشتڕاست کردووەتەوە.