ئیسرائیل: هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بەرپرسانمان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
رووداو دیجیتاڵ
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل رایدەگەیێنن، هاککەرانی سەر بە ئێران سەدان جار هەوڵیاندووە بەرپرسانی باڵا، ئەکادیمییەکان و رۆژنامەڤانانی ئیسرائیل بکەنە ئامانج و دەشڵێن: "هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیان کردووە."
رۆژی چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی سایبەر و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل (شاباک) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، لە ساڵی رابردوودا سەدان هەوڵی هێرشی سایبەری بۆ سەر کەسایەتییە دیارەکان تۆمارکراون. ئەو هێرشانە بە دیاریکراوی بەرپرسانی باڵای حکومەت، ئەفسەرانی ئەمنی، توێژەرانی زانستی و کارمەندانی میدیایان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاککەرە ئێرانییەکان شێوازی "فیشینگ" (Phishing) یان "خەڵەتاندنی ئامانجدار" بەکاردەهێنن؛ بەجۆرێک کە هێرشبەرەکان خۆیان وەکو کەسایەتیی ناسراو دەناسێنن و پەیوەندی بە قوربانییەکانەوە دەکەن، تاوەکو پەلکێشیان بکەن بۆ ئاشکراکردنی زانیارییە کەسییەکانیان یان دابەزاندنی فایلی ڤایرۆساوی.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "لە مانگەکانی دواییدا و بەتایبەت دوای گرژییەکانی مانگی حوزەیرانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەوڵەکانی هەواڵگریی ئێران بۆ هاککردنی هەژمارەکانی گووگڵ و ئەپڵیکەیشنەکانی نامەگۆڕینەوەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل، زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە."
دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ "کاری سیخوڕی، تیرۆریستی و کاریگەری خستنە سەر رای گشتی."
هەردوو دەزگا ئەمنییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە، توانیویانە سەدان هێرشی لەو شێوەیە پووچەڵ بکەنەوە، ئەویش لە رێگەی ناردنی ئاگادارکردنەوەی خێرا بۆ ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج و داخستنی دەستڕاگەیشتنە نەناسراوەکان.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل رێنمایی دەدەنە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت کە بەرگرییە دیجیتاڵییەکانیان بەهێز بکەن، لەوانە:
کاراکردنی تایبەتمەندیی "دڵنیایی دوو هەنگاوی" (Two-step verification).
دانانی ئیمەیڵی گەڕاندنەوەی هەژمار.
پشکنینی بەردەوامی ئەو ئامێرانەی بە هەژمارەکانیانەوە بەستراونەتەوە.
وریابوون لە هەر پەیوەندی و نامەیەکی گوماناوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە شەڕی ساردی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە کایەی سایبەردا گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ و هەردوولا یەکدی بە هێرشی بەردەوام بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکان تۆمەتبار دەکەن.