حکومەتی لوبنان: هێرشەکانی ئیسرائیل 570 کوژراو و 760 هەزار ئاوارەیان لێکەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یەکەی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی کارەسات لە لوبنان دەڵێ، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی گەیشتووەتە 570 کەس؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە نزیکەی 760 هەزار کەس ئاوارە بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە 2ی ئەم مانگەوە، جگە لە کوژراوەکان، هەزار و 444 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ هەروەها باس لەوە کراوە کە 759 هەزار و 300 کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون، کە لەو ژمارەیە 122 هەزار و 600 کەسیان لە 580 پەناگەی کاتی لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان نیشتەجێ کراون.
ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان بڵاوی کردەوە، پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر باشووری بەیرووت، هاوکات چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیش بۆردوومان کراون.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هات کە رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار لە دوای ئاگربەستەکەی 27ی تشرینی دووەمی 2024، چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. دوای ئەو هێرشە، حکومەتی لوبنان بڕیاری دا چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی حیزبوڵڵا قەدەخە بکات و داوای لێکرد تەنیا کارە سیاسییەکانی بکات و چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکات.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە دەستی بە "هەڵمەتێکی سەربازیی هێرشبەرانە" دژی حیزبوڵڵا کردووە، کە هێرشی ئاسمانیی چڕ و چوونە ناوەوەی زەمینی لە ناوچە سنوورییەکان لەخۆدەگرێ. هەروەها سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە دانیشتووانی باشووری رووباری لیتانی و باشووری بەیرووت کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.