ترەمپ لەبارەى جەنگى ئێران: هەر کاتێک بمەوێ کۆتایی پێدەهێنم

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگ دژی ئێران "بەمزووانە" کۆتایی دێت، چونکە بە کردەیی هیچ شتێکی ئەوتۆ نەماوە لە نێو ئەو وڵاتەدا بکرێتە ئامانج؛ لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە جەنگەکە بەبێ دەستنیشانکردنی کات بەردەوام دەبێت.
 
دۆناڵد تڕەمپ رۆژی چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026 بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی راگەیاند: "پێموایە جەنگەکە تەواو بووە، بە نزیکەیی هەمووی. تەنیا شتی بچووک لێرە و لەوێ ماوە... هەر کاتێک بمەوێت کۆتایی پێبهێنم، کۆتایی دێت." 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان زۆر لەو خشتە کاتییە پێشتر کەوتوون کە دایاننابوو، تەنانەت زیانی زیاتریان لەوە گەیاندووە، کە پێشتر لە ماوەی 6 هەفتەدا مەزەندەیان کردبوو.
 
سەرەڕای لێدوانە گەشبینەکانی ترەمپ، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، جەنگەکە "بەبێ هیچ سنوورێکی کات و تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت" بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرکەوتنی یەکجاری بەدەستدێت. 
 
بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکەن خۆیان بۆ لانیکەم دوو هەفتەی دیکە لە هێرشی چڕ بۆ سەر ئێران ئامادە کردووە.
 
لەبارەی دۆخی تەنگەى هورمز، زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە ئێران دەستیکردووە بە چاندنی مین لەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا. ترەمپ گوتی، هێزەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 16 بەلەمی مینڕێژکەری ئێرانیان تێکشکاندووە و پلانەکەی تارانیان پەکخستووە. 
 
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران و گوتی: "توانای جەنگیی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە و توانای جەنگیی ئێران لە دابەزیندایە،" گوتیشی، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بە رادەیەکی یەکجار زۆر کەمی کردووە.
 
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە "شەڕانگێزییەکانی ئێران" تەنیا بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووە، بەڵکو وڵاتانی کەنداویشی گرتووەتەوە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەوان دەیانویست تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داگیر بکەن. ئێستا باجی ئەو 47 ساڵە لە کوشتن و وێرانکارییە دەدەن کە دروستیان کردووە. ئەمە تۆڵەسەندنەوەیە (Payback)؛ بەو ئاسانییە لێی دەرناچن."
 
لە لایەکەوە ئەمریکا باس لە راماڵینی تەواوەتیی تواناکانی تاران دەکات و لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل بەردەوامە لە لێدانی بنکە فەرماندەیی و هەواڵگرییەکانی سوپای پاسداران لە تاران و شارەکانی دیکە. 
 
واشنتن کار لەسەر جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت لە وڵاتانی کەنداو دەکات کە لە ئاسیاوە گوازراونەتەوە، تاوەکو گەرەنتیی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان و تەنگەى هورمز بکات و رێگری لە هەر جۆرە هەوڵێکی ئێران بۆ تێکدانی بازاڕی وزە بگرێت.