حیزبوڵڵا ئۆپەراسیۆنی "عەسف مەئکوول"ی راگەیاند؛ 100 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنان دەستپێکردنی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی "عەسف مەئکوول" راگەیاند. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن، بە یەکجار 100 مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی باکووری وڵاتەکەیان کراون، کە ئەوەش "گەورەترین" هێرشی مووشەکییە لە سەرەتای شەڕەکەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "موقاوەمەی ئیسلامی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی عەسف مەئکوول (تێکشانی تەواوەتی) رادەگەیێنێت."
میدیاکانی ئیسرائیل هێرشەکەیان پشتڕاستکردەوە و رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵڵا بە یەک جار نزیکەی 100 مووشەکی ئاراستە کردوون و بەهۆیەوە باڵەخانەیەک لە باکووری ئیسرائیل پێکراوە.
کەناڵی 15ـی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشە مووشەکییانەی ئەمڕۆ گەورەترین هێرشن لە لوبنانەوە کرابن لەو کاتەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات دەستیپێکردووە.