جەنگی لوبنان و ئیسرائیل؛ ئاماری کوژراوان 630 کەسی تێپەڕاند و تاران و حیزبوڵڵا هێرشێکی هاوبەشیان ئەنجامدا

رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل درەنگی شەوی چوارشەممە گەڕەکەکانی باشووری بەیرووتیان هەژاند، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی حیزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر باکووری ئیسرائیل.
 
پێش هێرشەکانی سەر باشووری بەیرووت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ دووەم جار لەم هەفتەیەدا ناوجەرگەی پایتەختی لوبنانیان بۆردومان کرد. ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵ (NNA) رایگەیاند، شووقەیەک لە ناوچەی عائیشە بەکار، کە ناوچەیەکی سڤیلنشینی قەرەباڵخە، هێرشی کراوەتەسەر. 
 
فەوزی ئەسمەر، خاوەنی نانەوایەک لە هەمان شەقام گوتی: "کاتێک هێرشەکە دەستیپێکرد، بە ناو ژوورەکاندا رامدەکرد تاوەکو کچ و ژنەکەم لە پشت دیوارێکدا بشارمەوە." وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، 4 کەس لەم هێرشەدا بریندار بوون.
 
حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بە درۆن و دەیان مووشەکی پێشکەوتوو بۆ سەر باکووری ئیسرائیل دەستپێکردووە و بارەگای فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیلی پێکاوە. لە پێشهاتێکی گرنگدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان و حیزبوڵڵا "ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و یەکگرتوو"یان کردووە، کە تێیدا لە هەردوو وڵاتەوە (ئێران و لوبنان) مووشەک بەرەو ئامانجە ئیسرائیلییەکان هاوێژراون.
 
ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکدا بەڵێنی وەڵامێکی زۆر تووندی دایەوە و رایگەیاند، بە هێزێکی زۆرەوە لە بنکەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت دەدەن.
 
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی لوبنان، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 634 کەس، کە 91یان منداڵن. تەنیا لە رۆژی چوارشەممەدا، هەشت کەس لە گوندی شەعات، هەشت کەس لە شارۆچکەی تەمین تەحتا و هەشت کەسی دیکەش لە ناوچەی بنت جوبەیل کوژران. میدیاکانی سووریا دەڵێن، خێزانێکی سووریاییش لە ناو قوربانییەکاندا بوون.
 
قەیرانی ئاوارەبوون گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە؛ تاوەکو ئێستا 816,000 کەس وەک ئاوارە تۆمار کراون، 126,000یان لە پەناگە گشتییەکاندا نیشتەجێن. ئەمال هیشام، ژنێکی تەمەن 46 ساڵە، دەڵێ: "نازانین ئەوان کێ دەکەنە ئامانج، تەنیا ترس باڵی بەسەرماندا کێشاوە، تەنانەت نازانین کێ تۆمەتبار بکەین."
 
لە نیویۆرک، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و تێیدا بەرپرسانی نێودەوڵەتی داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕیان لە لوبنان کرد. دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان "تاوەکو ئەو کاتەی هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل دەمێنێت."
 
جەنگی ئێستا کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە 28ی شوباتەوە لوبنانیشی گرتووەتەوە، رۆژ بە رۆژ قوربانیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و مەترسیی داڕمانی تەواوەتیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی لوبنانی لێ دەکرێت.