بەربژێرێکی کۆنگرێس: کاتێک شتەکان گونجاو بوون کورد رۆڵی سەرکردایەتی لە ئێران دەبینێت


رووداو دیجیتاڵ 

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خەریکە دەبێتە دوو هەفتە و تاوەکو ئێستاش ناڕوونییەکی زۆر هەیە، کەس نازانێت بەیانی چی روودەدات و ئایا شەڕ بەردەوام دەبێت یان نا.
 
بەربژێرێکی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، ئەم ناڕوونییە، سیاسەتی زیرەکانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە و وایکردووە ئێرانییەکان نەزانن ئەمریکا بەنیازی چییە.
 
دەڤید واڵاس، بەربژێر بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ ئەم دۆخەدا، سەرۆک سوود لە ناڕوونی وەردەگرێت، رۆڵی ئەو ئەوەیە وابکات رژێمی ئێران و ئەو سەرکوتکارانەی تووندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی خۆیان بەکاردەهێنن، بکەونە سەر چۆک."
 
ئەو دەڵێت، ئەو هەڵوێستەی دۆناڵد ترەمپ، "هاوکات ناڕوونییەکیش دەدات بە رۆڵی کوردستان، بەڵام بڕوای من ئەوەیە کاتێک شتەکان گونجاو بوون، کورد رۆڵی سەرکردایەتی لە ئێراندا دەبینێت."
 
لەگەڵ ئەم ناڕوونییانەی لە سیاسەتی ئەم ئیدارەیەی ئەمریکادا هەیە، وێنەکە لە واشنتن خەریکە بەم شێوەیە دەردەکەوێت، ئەمریکا بەنیازی گۆڕینی رژێم نییە لە ئێران، هاوکات کێشەشی لەگەڵ مانەوەی ئەو سیستمە لە ئێراندا نییە. ئەو دوو ئامانجەی هەیەتی، ئێرانێکی لاواز و بێ چەکی ئەتۆمییە، بەڵام ئەگەر ئەم لاوازکردنەش سەربکێشێت بۆ رووخانی دەسەڵات، ئەمریکا پێشوازی لەم پێشهاتە دەکات.
 
گوتەبێژی کۆشکی سپیش، بەم شێوەیە باس لە دوایین هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی ئەم شەڕە دەکات: "خشتەی کاتیی سەرەتایی چوار بۆ شەش هەفتە بوو بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی (داستانی تووڕەیی). دووبارەی دەکەمەوە؛ تێکشکاندنی مووشەکەکانیان و توانای دروستکردنیان، تێکشکاندنی هێزی دەریایی و کۆتاییهێنان بە گەیشتنیان بە چەکی ئەتۆمی، هەروەها بێگومان لاوازکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانیشیان لە ناوچەکە."
 
هەروەها گوتی: "دەزانین سەربازانی ئەمریکا شەڕکەری ئازان، بەخێرایی و زوویی بەر لە کاتی خۆی ئەم ئۆپەراسیۆنە جێبەجێ دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنەکە کاتێک دەوەستێت کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بڕیار بدات کە ئامانجەکانمان بەدیهاتوون. ئێرانیش لە قۆناخی تەواو خۆبەدەستەوەداندایە، جا ئەمە بڵێن یان نەیڵێن."
 
لە سەرەتای چوونە نێو ئەم شەڕەوە، ئەمریکا بە فەرمی چوار ئامانجی راگەیاند: ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆمی، بێ مووشەکی بالیستی، بێ هەبوونی سوپایەکی بەهێز و هێزی دەریایی. بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکاش، بەتەواوەتی لەو ئامانجانە نزیک بوونەتەوە.
 
هەر بۆیە لە واشنتن، ئەگەر بچیتە کۆشکی سپی و سەیری میدیاکان بکەیت و گوێش لە شرۆڤەکارانی ئەم شەڕە بگریت، بەتایبەتیش بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا، بەلاتەوە سەیر نابێت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەپڕ بێتە بەردەم کامێراکان و بڵێت: "شەڕەکەمان بردەوە و ئیدی جەنگ کۆتایی هات؛ بەڵام ئەگەر ئێران ببێتەوە هەڕەشە، جارێکی دیکە لێی دەدەینەوە."