راپۆرتێک: لەم جەنگەدا زیان بە 17 بنکە و دامەزراوەی ئەمریکی گەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیلەوە، لانیکەم 17 بنکەی سەربازی، باڵیۆزخانە و دامەزراوەی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیانیان بەرکەوتووە. بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا حەوت سەربازی ئەمریکی کوژراون.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە لێکۆڵینەوەکەیدا پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان، ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێدوانی فەرمیی بەرپرسانی ئەمریکا بەستووە و رایدەگەیێنێت، ئێران لە رێگەی هەزاران مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
زیانە گیانی و مادییەکان
بەپێی راپۆرتەکە، نزیکەی نیوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە. لە یەکەم رۆژی جەنگدا (28ی شوبات)، ئێران بنکەکانی شازادە سوڵتان لە سعودیە، عەلی سالم و کامپ بیوری لە کوێت و بنکەی عودەیدی لە قەتەری کردە ئامانج.
هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لە 1ی ئاداردا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە بەندەری شوعەیبە لە کوێت باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سەربازانی ئەمریکای پێکا و لە ئەنجامدا 6 سەربازی ئەمریکی کوژران. سەربازێکی دیکەش لە سعودیە کوژرا کە کۆی ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەمریکا دەگەیێنێتە 7 کەس.
سەبارەت بە زیانە داراییەکان، پێنتاگۆن رایگەیاندووە تەنیا لە هێرشەکەی سەر بارەگای فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن، بڕی 200 ملیۆن دۆلار زیان بەر دامەزراوەکان گەیشتووە.
پێکانی سیستمە رادارییەکان
یەکێک لە گەورەترین زیانەکانی ئەمریکا، بەر سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان کەوتووە. ئێران سیستمەکانی رادار و پەیوەندییەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش سیستمی ناسراو بە تاد.
لە بنکەی (موفەق سەڵتی) لە ئوردن، وێنە مانگە دەستکردەکان نیشانی دەدەن کە زیانێکی زۆر بەر هەستەوەرەکانی بەرگریی ئاسمانی کەوتووە، کە تێچووی تەنیا یەک یەکەی ئەو جۆرە رادارانە دەگاتە نیو ملیار دۆلار.
هەروەها لە قەتەر، رادارێکی جۆری ئەی ئێن/ ئی پی ئێس 132 کە تێچووەکەی 1.1 ملیار دۆلارە، زیانی بەرکەوتووە.
ئامانجە دیپلۆماسییەکان
جگە لە بنکە سەربازییەکان، ئێران هێرشی کردووەتە سەر کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە دووبەی و باڵیۆزخانەکانی لە کوێت و ریاز، کە بووەتە هۆی داخرانی کاتیی ئەو شوێنانە، بەڵام هیچ بریندارێکیان لێنەکەوتووەتەوە. هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئاستی هێرشەکانی ئێران نیشانی دەدات کە تاران زۆر زیاتر لەوەی ئیدارەی ترەمپ چاوەڕێی دەکرد، بۆ ئەم جەنگە ئامادە بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاندووە کە لە رۆژانی یەکەمی جەنگەکەوە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران 90% و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان 83% کەمی کردووە.