ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆی ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل دەڵێ، لە رۆژانی داهاتوودا لە واشنتن لەگەڵ حکومەتی لوبنان دەست بە گفتوگۆی فەرمی دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان بکات.
 
یەحیێل لێیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا رایگەیاند، تەل ئەڤیڤ رەزامەندی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنی "دانوستاندنی ئاشتیی فەرمی" لەگەڵ حکومەتی لوبنان.
 
بڕیارە گفتوگۆکان رۆژی سێشەممە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دەستپێبکەن.
 
باڵیۆزی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە باس لە ئاگربەست لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵڵا بکات، کە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و بەربەستی سەرەکیی بەردەم ئاشتیی نێوان هەردوو وڵاتە."
 
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی رابردوو و دوای هێرشی مووشەکی حیزبوڵڵا، هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر خاکی لوبنان دەستپێکرد.
 
ئیسرائیل دەڵێ، ئەو رێککەوتنەی بڕیارە رۆژی شەممە لە ئیسلامئاباد لەنێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ بکرێت، لوبنان ناگرێتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، لە چەند هەفتەی رابردووی شەڕ و پێکدادانەکاندا زیاتر لە 1950 کەس لەو وڵاتە کوژراون. تەنیا لە چوارشەممەی رابردوودا، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان 350 کەس کوژران.