سەرچاوەیەک: ترەمپ بە نەتەنیاهوی گوتووە واز لە هەڕەشەکردن لە ئێران بهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە کۆتایی بە هەڕەشەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر ئێران بێنێت.
ئەم داواکارییەی ترەمپ لە کاتێکدایە، واشنتن گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئیسرائیل و لە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 9-6-2025 دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و بەشێکی سەرەکیشی لەبارەی پرسی ئەتۆمیی ئێران بووە.
بەرپرسەکە بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا داوای لە نەتەنیاهو کردووە واز لە قسەکردن و هەڕەشەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بهێنێت.
ترەمپ رایگەیاندووە کە ئیدارەکەی هەوڵ دەدات لەگەڵ ئێران رێکبکەوێ و بڕیاریشە گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژانی داهاتوودا بەڕێوەبچێ.