بێ مووچەیی خەرجییەکانی خەڵکی هەڵەبجەی کەمکردووەتەوە؛ 'خەڵک نیو کیلۆ برنج بە قەرز دەبات'

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە بازاڕی هەڵەبجەدا، جموجۆڵ کز بووە و دەنگی کڕیارەکان وەک جاران نایەتە بەرگوێ. قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە، "کاریگەرییەکی قووڵ"ـی لەسەر توانای کڕینی هاونیشتمانییان داناوە، وایکردووە کاسبکاران گلەیی لە کەمبوونەوەی فرۆش بکەن و لاپەڕەی "دەفتەری قەرزەکان" رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.
 
تەیموور ئەحمەد، یەکێک لە فرۆشیارە دێرینەکانی بازاڕەکەیە و بە درێژایی 35 ساڵی کارکردنی، شایەتحاڵی دۆخێکی وا نەبووە. ئەو دەڵێت: "لە ساڵی 1991ـەوە دووکاندارم، تاوەکو ئێستا قەیرانی وەکو ئێستام نەبینیوە. جاران هەرچەندە دۆخەکە ناڕەحەت و گرانی بوو، بەڵام کار هەبوو، خەڵک کەسابەتی دەکرد و دەهات شتی دەکڕی، ئێستا نە کار نە مووچە هیچیان نەماون. کڕیارم هەبووە پێشووتر بایی 300 بۆ 400 هەزار شتی کڕیوە، بەڵام ئێستا ئەوانەی بایی 200 هەزاریان بردبێت، ئێستا دێن بایی 20 هەزار دینار کەلوپەل دەکڕن."
 
دۆخەکە بەجۆرێکە زۆرێک لە هاونیشتمانییان پەنایان بۆ کڕینی شتومەک بە قەرز بردووە. بێستوون عوسمان، فرۆشیارێکی دیکەیە و دەفتەری قەرزەکانی گەواهیدەری ئەو راستییەیە. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن خەڵک تەنانەت بۆ بڕێکی زۆر کەمیش پارەیان پێ نییە: "دەفتەری قەرزمان هەیە و قەرز بە هەموو کەس دەدەین. هەمانە لە 100 هەزارەوە تاوەکو ملیۆنێک. لە ئاستی کەمدا هەمانبووە، بایی دوو هەزار، سێ هەزار، تەنانەت هەزار دیناریش شتی بردووە بە قەرز. خەڵک هەبووە نیو کیلۆ برنجی بردووە بایی هەزار دینار بووە، پارەی پێ نەبووە، بە قەرز بردوویەتی."
 
ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک داناوە و ناچاری کردوون خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە. شەماڵ شەریف، یەکێک لە هاونیشتمانیان، باس لەوە دەکات کە چۆن ناچار بووە لەگەڵ دۆخەکەدا خۆی بگونجێنێت: "بە حوکمی ئەم قەیران و دواکەوتنی مووچەیە، دەبێت لەگەڵ دۆخەکە بگونجێین، خەرجییەکانمان بۆ نیوە کەمبووەتەوە. جاران رۆژانە پێویستمان بە 35 هەزار بووبێت، ئێستا بووەتە 17 هەزار دینار."
 
بازاڕی هەڵەبجە، کە رۆژانێک لانکەی کەسابەت و ژیان بوو، ئێستا بووەتە ئاوێنەی قەیرانێکی قووڵ. لە کاتێکدا فرۆشیاران چاوەڕوانی کڕیارن، هاونیشتمانیانیش بە گیرفانی بەتاڵەوە تەنیا بیر لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک برنج و رۆن دەکەنەوە.