چارەنووسی سەرکردەکانی حەماس؛ چەندیان ماون و لەکوێن؟
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 09-09-2025 ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێکە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی بزووتنەوەکە. حەماس رایگەیاند، بەرپرسە فەلەستینییەکان کە بۆ دانوستاندنی ئاگربەست چووبوونە ئەوێ، رزگاریان بووە.
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی حەماسی کوشتووە، بەڵام بزووتنەوەکە هێشتا ژمارەیەک سەرکردەی ماون، کە ئامانجی ئیسرائیلن.
ئەوانەی ماون:
- عیزەدین حەداد
حەداد لە 13-05-2025ـەوە، واتا لەوکاتەوەی محەممەد سنوار کوژراوە، بووەتە چوارەم سەرکردەی حەماس لە غەززە؛ لەگەڵ ئەوەشدا هەشتەم فەرماندەی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماسە لە غەززە.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی گشتیی حەماسە و میدیای ئیسرائیل دەڵێت: "یەکێکە لەوانەی لە پشت پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسەوەیە."
لە غەززە ناسناوی (ئەبو سوهەیب) و (تارمایی قەسام)ـی هەیە. ئەو لەسەر هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست یان گۆڕینەوەی بارمتە، دەسەڵاتی ڤیتۆی هەیە. بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ، لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی عەرەب، "حەداد بۆ رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان کراوەیە، بەڵام بڕوای بەوەیە نابێت هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن تاوەکو جەنگ کۆتایی دێت یان ئیسرائیل لە غەززە دەکشێتەوە."
بەگوێرەی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی (Jerusalem Post): "حەداد تاوەکو ئێستا شەش جار لە هەوڵی کوشتن دەربازی بووە." و یەکێکە لە کەسە هەرە ویستراوەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، "حەداد لە غەززەیە. ئەو دوایین فەرماندەی زیندووی حەماسە لە غەززە. جیاواز لە محەممەد سنوار، حەداد لە رێککەوتن نەرمترە و زیاتر گوێ بە ئازار و ناڵەی خەڵکی غەززە دەدات."
رۆژنامەکە دەڵێت: "کوشتنی عیزەدین حەداد، واتا نەمانی هیچ ناونیشانێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان."
هەر لەبارەی شوێنی مانەوەی، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز دەڵێت: "حەداد لە باکووری غەززەیە، ئەو شوێنەی کە ئیسرائیل پلانێکی چڕی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داڕشتووە."
خەلیل حەییە
یەکێک بوو لەوانەی لە هێرشەکەی قەتەر کرایە ئامانج، بەڵام خۆی رزگاری بوو و کوڕەکەی کوژرا. حەییە لە 16-10-2024ـەوە، لەدوای کوژرانی یەحیا سنوار، هاوسەرۆکی بە وەکالەتی مەکتەبی سیاسیی حەماسە و بەیەکەوە لەگەڵ خالد مشعەل، زاهر جەببارین، محەممەد ئیسماعیل دەروێش و بەرپرسێکی دیکەی حەماس کاروبارەکانی بزووتنەوەکە بەڕێوەدەبەن.
حەییە لە ساڵی 2006 ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەلەستین بووە. بەرپرسەکەی حەماس لە 1960 لە شاری غەززەی باکووری کەرتی غەززە لەدایک بووە و تاوەکو پێش هێرشەکەی قەتەر، لە دەوحە نیشتەجێ بوو، دکتۆرای لە زانستە ئیسلامییەکاندا هەیە.
لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی پێشووتری حەماس، خەلیل حەییە بە کاریگەرترین بەرپرسی حەماس لە دەرەوەی غەززە دادەنرێت.
تائێستا هیچ نیشانەیەک نییە کە حەییە لە قەتەر مابێتەوە یان دوای هێرشەکە جێی هێشتبێت، بەڵام یەکێک بوو لەو بەرپرسە فەلەستینییانەی لە تورکیا نزیک بوو و جار جار دەچووە ئەوێ. رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی نووسی: "ئیسرائیل کۆتایی بە دەوحە وەکو پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرکردایەتیی حەماس هێنا."
تشرینی دووەمی 2024 تورکیا بە فەرمی دەنگۆی نیشتەجێبوونی یەکجارەکیی حەییەی لە تورکیا رەتکردەوە و گوتی: "جار جار سەردانی تورکیا دەکات، بەڵام نیشتەجێ نییە."
خەلیل حەییە لە 22-03-2025 سەرۆکایەتیی شاندێکی کرد و چووە ئەنقەرە، لەوێ لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازییان لێکرا. بەگوێرەی رۆژنامەی ئیسرائیل هەیۆم، حەییە چەند جارێک سەردانی میسر، لوبنان و سووریاشی کردووە.
خالد مەشعەل
هاوشانی خەلیل حەییە، سەرۆکایەتیی بە وەکالەتی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەکات. مەشعەلی 64 ساڵ لە ساڵی 2004 تاوەکو 2017 سەرکردایەتیی حەماسی کردووە. مەشعەل لە ساڵی 1997 زیاتر ناسرا، کاتێک چەند بریکارێکی مۆسادی ئیسرائیلی لە ئوردن لە رێگەی دەرزییەوە ژەهریان خستە نێو جەستەی، بەڵام دەربازی بوو.
خالد مەشعەل یەکێک بوو لەو کەسانەی لە هێرشەکەی قەتەر ئامانجی کوشتنی بۆ دانرابوو، بەڵام حەماس رایگەیاند، لەژیاندا ماوە. ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، "خالد مەشعەل لە دەوحەی قەتەر دەمێنێتەوە."
لە ساڵی 2010 گۆڤاری نیو ستەیتسمان (New Statesman)ـی بەریتانی، خالد مەشعەلی لە ریزبەندیی 18ـی (50 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ساڵی 2010) تۆمارکرد.
محەممەد ئیسماعیل دەروێش
لە 17-10-2023ـەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای حەماسە و لە 16-10-2024ـیشەوە هاوسەرۆکی مەکتەبی سیاسییە. رۆیتەرز دەڵێت: "دەروێش لە دەوحە نیشتەجێیە."
محەممەد دەروێش یەکێکە لەو بەرپرسانەی بەوە ناسراوە لە میدیا دەرناکەوێت. بەگوێرەی کەناڵی عەرەبییە، "محەممەد دەروێش کاری بۆ دروستکردنی ئابووریی رێکخراوەکە کردووە، لەوانەش حەواڵەکردنی پارە لە ئێرانەوە بۆ حەماس، هەروەها وەبەرهێنانی چەندین پڕۆژە لە سەرانسەری جیهاندا."
دەروێش لە 01-03-2025 لە تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە.
نزار عەوزەڵڵا
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماسە، یەکێک بووە لە کەسە متمانەپێکراوەکانی ئەحمەد یاسین، دامەرزێنەری حەماس. لەوکاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، عەوزەڵڵا هیچ لێدوانێکی نەبووە و دەگوترێت: "پێش دەستپێکردنی جەنگ، غەززەی جێهێشتووە."
رۆژی 13-12-2023 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، نزار عەوزەڵڵای خستە لیستی "تیرۆر"ـەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، عەوزەڵڵا لەماوەی جەنگی غەززەدا دانوستاندنی زۆری لە قەتەر کردووە و "هەر لە قەتەر نیشتەجێیە."
زاهیر جەببارین
هاوسەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسە، هەروەها (سەرۆکی نووسینگەی شەهیدەکان، بریندارەکان و زیندانیکراوەکان)، (سەرۆکی مەکتەبی دارایی حەماس) و (سەرکردەی حەماس لە کەرتی رۆژئاوا)یە.
جەببارین لە ساڵی 1993 لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا و بە بەندکردنی تاهەتایی سزادرا، بەڵام لە ساڵی 2011 وەک بەشێک لە رێککەوتنی حەماس- ئیسرائیل بۆ گۆڕینەوەی زیندانی، ئازاد کرا. ئەوکات ئیسرائیل هەزار زیندانیکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر ئازادکردنی یەک سەربازی ئیسرائیلی ئازادکرد.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلی: "جەببارین لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا نیشتەجێیە."
ئەوانەی کوژراون:
یەحیا سنوار
چوارەم سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بوو لە غەززە؛ هەروەها لەدوای ئیسماعیل هەنییە، دووەم سەرکردەی بزووتنەوەکە بوو لەو کەرتە. ئیسرائیل یەحیا سنواری بە داڕێژەری پلانی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەزانی، کە بووە هۆی دەستپێکردنی جەنگە خوێناوییەکە.
سنوار لە 16-10-2024 لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا. یەحیا سنوار یەکێک بوو لە پیاوە هەرە ویستراوەکانی ئیسرائیل، واش لێکدانەوەی بۆ کرابوو کە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگەکە کەرتی غەززەی جێهێشتووە. سنوار لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) لە رەفەحی باشووری غەززە کوژرا. هێزەکانی ئیسرائیل سێ چەکداریان لە باڵەخانەیەک بینی و تەقەیان لێکردن، بەڵام نەیاندەزانی سنوار یەکێکە لەوان. دوای کوژرانیان، ئیسرائیل رایگەیاند، سنوار کوژراوە، بەڵام تێستی دی ئێن ئەی بۆ دەکەن. دوای دەرچوونی پشکنینەکان، کوژرانی یەحیا سنوار پشتڕاست کرایەوە. لە توێکاریی دادپزیشکیدا دەرکەوت، "یەحیا سنوار، پێش کوژرانی، ماوەی سێ رۆژ بوو نانی نەخواردبوو."
محەممەد سنوار
محەممەد سنوار، برای یەحیا سنواورە، حەوتەم فەرماندەی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس و سێیەم سەرکردەی بزووتنەوەکە بوو لە غەززە. رۆژی 13-05-2025 ئیسرائیل لە بۆردوومانێکی سەر نەخۆشخانەی ئەورووپی لە خان یونس، باشووری غەززە، سنواری لە تەمەنی 49 ساڵیدا کوشت.
ئیسماعیل هەنییە
باڵاترین سەرکردەی حەماسە تاوەکو ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابێتە ئامانج و کوژرابێت. هەنییە سێیەم سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بوو. رۆژی 31-07-2024 لە تاران لەو ژوورەی تێیدا دەمایەوە کوژرا. سوپای پاسداران گوتی، درۆنێک کردوویەتیە ئامانج و کوژراوە. دواتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رایگەیاند، ئەو تەقینەوەیەی هەنییە بەهۆیەوە کوژرا لەڕێگەی بۆمبێک بووە کە بە نهێنی براوەتە ژوورەکەی. وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە مانگی 12 رایگەیاند، بە بۆمب کوژراوە.
محەممەد زەیف
لە 2002 تاوەکو 2024 شەشەم فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام بوو لە غەززە. رۆژی 13-07-2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا. سوپای ئیسرائیل ئەوکات رایگەیاند، بە فڕۆکە بۆردوومانی ناوچەیەکی شاری خان یونسیان کردووە و زەیفیان کوشتووە. محەممەد زەیف حەوت جار لە هەوڵی کوشتنی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربازی ببوو، دەگوترێت یەکێک بووە لەو کەسانەی پلانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری داڕشتووە.
مەڕوان عیسا
جێگری فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام بوو. رۆژی 10-03-2024 لە کەمپی نوسەیرات لە شاری دێربەلەحی نێوەڕاستی غەززە، لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە کوژرا. ئەوکات، مەڕوان عیسا باڵاترین بەرپرسی حەماس بوو کە کوژرا. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوکات رایگەیاند: "هەموویان دەمرن، دەستمان بە هەموویان دەگات."
ساڵح عاروری
لە 2017 بۆ کانوونی دووەمی 2024، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بوو. دوای کوژرانی، خەلیل حەییە جێگەی گرتەوە. عاروری رۆژی 02-01-2024 لە هێرشێکی درۆنی لە بەیرووتی لوبنان، لە تەمەنی 57 ساڵیدا کوژرا. ئەو یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی قەسام. ئیسرائیل کوشتنی عاروریی پشتڕاست نەکردەوە و رەتیشی نەکردەوە.
دەکرێ تورکیا ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل بێت؟
قورسە. (پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئەمریکی) کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە و بارەگای سەرەکیی لە واشنتنە، لە راپۆرتێکی 09-09-2025ـدا دەڵێت، ئیسرائیل چەند سەرکردەیەکی حەماسی لە قەتەر کردە ئامانج. "هێرشەکە بەوە دەچێت کە ئیسرائیل بیەوێت بەدوای ئەو سەرکردانەشەوە بێت کە لە وڵاتی دیکە پارێزبەندییان هەیە. شارەزایان دەڵێن، دەکرێت تورکیا ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل بێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بووەتە بنکەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس."
لە راپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە: "بە ئەندامبوونی تورکیا لە ناتۆ، تورکیا لەو هێرشە ناپارێزێت، ئەمە ئەگەر ئیسرائیل بڕیار بدات هێرش بکات. مادەی پێنجەمی ناتۆ دەڵێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە، هێرشە بۆ سەر هەمووان. ئەمە لەسەر تورکیا جێبەجێ نابێت، بەتایبەت ئەگەر وڵاتانی وەکو ئەمریکا، سوێد یان فینلاند، ئەو مادەیە بلۆک بکەن. ئەو وڵاتانە خۆیان کێشەیان لەگەڵ تورکیا هەیە، بەتایبەت لەسەر بابەتی مامەڵەی وڵاتەکە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و کورد."
پێش هێرشەکە، تورکیا و میسر دەوحەیان ئاگادارکردبووەوە
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ (WSJ)، کە لە 09-09-2025 بڵاوکراوەتەوە، "بەرپرسانی تورکیا و میسر سەرکردایەتیی حەماسیان ئاگادارکردبووەوە، کاتێک کۆدەبنەوە ئەمنییەتی خۆیان زیاتر تووند بکەن."
رۆژنامەکە دەڵێت: "10 فڕۆکەی جەنگی بۆ هاوێشتنی مووشەکی دوورمەودا رەوانەی نزیک قەتەر کران و خانوویەکیان لە دەوحە کردە ئامانج. فڕۆکەکان لە دەرەوەی ئاسمانی قەتەر مووشەکەکیان هاوێشت و بە ئاسمانەکانی سعودیە و ئیماراتیشدا نەڕۆیشتن."