عەبادی بۆ ئەردۆغان: ئێمە خاكەكەمان بە پیاوەكانمان رزگاردەكەین نەك بە سكایپ

رووداو - هەولێر

عەبادی وەڵامی گوتەكانی ئەردۆغانی دایەوە و رایگەیاند "ئێمە خاكەكەمان بە بازووى پیاوەكانمان رزگاردەكەین نەك سكایپ".

لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرامبەر گوتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە ئێمە هاوتای تۆ نین. خاكەكەمان بە بازووی پیاوەكانمان رزگاردەكەین نەك بە سكایپ".

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەردۆغان رایگەیاندبوو، پێویستە عەبادی "سنوورەكانی خۆی بزانێت". راشیگەیاندبوو، ئەو هاوتای عەبادی نییە، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە ناوی عەبادی بكات.

لە شەوی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی 2016ی توركیا، ئەردۆغان لەڕێگەی خزمەتگوزاری "فەیس تایم"ی ئەپڵ قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی CNN تورك كرد و، دوای گوتەكانی هەزاران كەس لە توركیا رژانە سەر شەقامەكان و شكست بە هەوڵی كودەتاكە هێنرا.

رۆژی سێشەممە 11-10-2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ رایگەیاند "ئێمە پلانی خۆمان هەیە بۆ موسڵ و خۆشمان جێبەجێی دەکەین، تەنانەت چاوەڕێی پەیمانی ئەمریکاش ناکەین".

سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ "لە ئاستی من نییە وەڵامی بدەمەوە، بەڵام ئەوەندەی پێدەڵێم سوپای تورکیاش لەو ئاستەدا نییە بەگوتەی ئەو بکشێتەوە".

ئەردۆغان سەرسوڕمانی خۆیشی دەردەبڕێت لەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکەی سوپای تورکیا دەکات لە باشیک و دەڵێت "لەسەر داوای خۆتان ئێمە لە باشیکین ئێستاش دەڵێن بڕۆن".

سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "تۆ کێیت قسەی وا بکەی؟ سنووری خۆت باش بزانە".

ئەردۆغان دەشڵێت "ئێمە 350 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ عێراقدا هەیە کەواتە چۆن هەروا دادەنیشین. لەڕاستیدا ئێمە زۆر ئاراممان گرت و ئیدی ئاراممان نەماوە".