واشنتن رێگە بە قەتەر دەدات دامەزراوەی ئاسمانی لەنێو بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکادا بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەوەی قەتەر دامەزراوەیەکی تایبەت بە هێزی ئاسمانیی خۆی لەنێو بنکەی ئاسمانیی ماونتن هەوم لە ویلایەتی ئایداهۆ دروستبکات. بڕیارە دامەزراوەکە بۆ جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف-15 و راهێنانی فڕۆکەوانە قەتەرییەکان بەکاربهێندرێ.
رۆژی هەینی، 10ی تشرینی یەکەمی 2025، پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ شێخ سعود بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، هاوتا قەتەرییەکەی رایگەیاند، "ئێمە یاداشتێک واژۆ دەکەین بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی هێزی ئاسمانیی قەتەر لە بنکەی ئاسمانیی ماونتن هەوم لە ئایداهۆ."
هێگسێس گوتی، "شوێنەکە میوانداریی هێزێکی فڕۆکەکانی ئێف-15 و فڕۆکەوانانی قەتەری دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی راهێنانە هاوبەشەکانمان".
ئەم هەنگاوە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد و تێیدا بەڵێنی دا بەرگری لە قەتەر بکات لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەری. فەرمانەکەی ترەمپ دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل هات کە سەرکردەکانی حەماسی لە دۆحە کردە ئامانج.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ هاوتا قەتەرییەکەی گوتی، "ئەمە تەنیا نموونەیەکی دیکەی هاوبەشییەکەمانە. هیوادارم بزانن کە دەتوانن پشت بە ئێمە ببەستن."
بنکەی ئاسمانیی ماونتن هەوم پێشتریش ئەزموونی میوانداریکردنی هێزی بیانی هەبووە. بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی بنکەکە، ئێستا یەکەیەکی فڕۆکەی جەنگیی سەنگاپوورەشی تێدا جێگیرە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا سوپاسی قەتەری کرد بۆ "رۆڵی بەرچاوی" وەک نێوەندگیر لە گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە بوونەهۆی راگەیاندنی ئاگربەست و رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و دیلەکان.
لە بەرامبەردا، وەزیرە قەتەرییەکە ستایشی "هاوبەشیی بەهێز و بەردەوام" و "پەیوەندیی قووڵی بەرگریی" نێوان هەردوو وڵاتی کرد.