نێردەی ترەمپ و فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی غەززەیان کرد: 'هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە غەززە جێگیر ناکرێت'
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) سەردانی کەرتی غەززەیان کرد. فەرماندەکە رایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی سەقامگیریی دۆخی دوای شەڕ چوون و جەختیشی کردەوە کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو ناوچە فەلەستینییەدا جێگیر ناکرێن.
رۆژی شەممە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەدمیراڵ براد کووپەر سەردانی سەربازگەیەکی سوپای ئیسرائیلیان کرد لە کەرتی غەززە و وێنەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی دایەوە.
ئەدمیراڵ براد کووپەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکە رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی گفتوگۆکردن بووە لەبارەی دامەزراندنی "ناوەندێکی هاوئاهەنگیی سڤیل و سەربازی" بە سەرپەرشتیی سێنتکۆم، کە "پشتگیری لە ئارامکردنەوەی ململانێکە" دەکات.
یەکەم هێزی ئەمریکی کە لە 200 سەرباز پێکهاتووە، گەیشتووەتە ئیسرائیل، بەمەبەستی یارمەتیدان لە چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، کە بەپێی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیێنراوە.
سوپای ئەمریکا سەرپەرشتیی هێزێکی فرەنەتەوە دەکات، کە لە غەززە جێگیر دەبێت و پێشبینی دەکرێت هێزی وڵاتانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات لەخۆبگرێت.
کووپەر لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "کوڕان و کچانی سوپای ئەمریکا بەدەم بانگەوازێکەوە دەچن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک پشتیوانییەک بۆ فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی [سەرۆکی ئەمریکا] لەم ساتە مێژووییەدا."
براد کووپەر لە سەرەتای مانگی ئابدا وەک فەرماندەی سێنتکۆم دەستنیشانکرا، کە فەرماندەییەکە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.